ئیتیحاد بەفەرمی داوای مۆرینیۆ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیتیحادی سعودی تاوەکو ئێستا راهێنەری داهاتووی یانەکەی یەکلانەکردووەتەوە و چەند راهێنەرێک بۆ وەرگرتنی، پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە بەربژێرن.
 
بەپێی دوایین زانیارییەکان، یانە سعودییەکە دەستەوارەیەکی فەرمی پێشکێشی جۆزێ‌ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی و یانەی رۆما دەکات، بۆ ئەوەی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت، سپێشەڵ وەن هێشتا بڕیاری خۆی نەداوە و هەڵسەنگاندن بۆ دەستەوارەی یانە سعودییەکە دەکات.
 
هەنگاوەکانی ئیتیحاد بۆ رازیکردنی مۆرینیۆ لە کاتێکدان، راهێنەرەکە پێشتر ویستی خۆی بۆ کارکردن لە سعودیە پێشانداوە و رایگەیاندبوو، رۆژێک لە رۆژان لە سعودیە دەیبنن، بەڵام وادەکەی بەتەواوی دیارنییە.
 
لە ئەگەری رازینەبوونی، مۆرینیۆ بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی تیپەکەی کەریم بنزیما، کارگێڕیی ئیتیحاد دوو بژاردەی دیکەی لەبەردەمە، یەکێکیان مارسێلۆ گایاردۆی راهێنەری بەنێوبانگی ئەرجەنتینی و پێشووی یانەی ریڤەرپلەیتە و ئەوەی دیکەشیان جولین لۆپیتیگێ، راهێنەری ئیسپانی و پێشووی یانەکانی سێڤییا و ولڤەرهامپتۆنە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، گایاردۆ نزیکە لەوەی راهێنەرایەتیی ئیتیحاد پەسەندبکات، لوپیتیگێ بەهەمان شێوە بژاردەیەکی کراوەیە لەبەردەم یانەکە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بکەن.
 
یانەی ئیتیحادی سعودی، دوای ئەوەی یاریی گەڕی چوارەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیای لە هەولێر بەرامبەر یانەی قوە جەوییە دۆڕاند، نونۆ سانتۆ، راهێنەری یانەکەی لە کارەکەی دوورخستەوە و تاوەکو ئێستا دیارنییە کێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی سعودیە.