دەموچاوێکی ئاشنا دەگەڕێتەوە ناپۆلی

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ناپۆلی واڵتێر مازاری ئیتاڵی دەستنیشان کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە تاکو کۆتایی وەرزی 2023/2024.  
 
دوای ئەنجامە خراپەکانی ئەم وەرزەی ناپۆلی، یانەکە بڕیاریدا رودی گارسیای راهێنەری ئێستای یانەکە لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە. لە دوایین یارییاندا لە خولی ئیتاڵی، ناپۆلی رووبەڕووی ئیمپۆلی بووەوە و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێوەڵام پێدۆڕاند. دوای یارییەکە، دی لۆرێنتیسی سەرۆکی ناپۆلی بڕیاریدا گارسیا لە راهێنەرایەتی یانەکە دووربخاتەوە. ناپۆلی بەراورد بە وەرزی رابردوو ئاستی زۆر دابەزیوە و لە پلەی چوارەمی خولی ئیتاڵیدایە و 10 خاڵ لە ئینتەرمیلانی پێشەنگەوە دوورە. 
 
ناپۆلی سەرەتا پەیوەندی بە ئیگۆر تودۆری راهێنەری پێشووی مارسیلیا کردبوو بۆ ئەوەی تاکو کۆتایی ئەم وەرزە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت، بەڵام راهێنەرە کرواتییەکە داوای گرێبەستێکی دوو ساڵەی لە یانەکە دەکرد. لە لایەکی دیکەوە، دی لۆرێنتێس پەیوەندی بە واڵتێر مازاری ئیتاڵییەوە کرد و راهێنەرەکە بە خێرایی گرێبەستەکەی ناپۆلی قبوڵ کرد و بووە راهێنەری نوێی یانەکە. 
 
مازاری بۆ ناپۆلی دەموچاوێکی نامۆ نییە، چونکە راهێنەرەکە لە ساڵانی 2009 بۆ 2013 راهێنەرایەتی ناپۆلی کردووە و چەندین دەستکەوتی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە. مازاری توانی یەکەمین نازناو لە سەردەمی دی لۆرێنتێس بەدەستبهێنێت کاتێك لە ساڵی 2012 جامی ئیتاڵیای بۆ یانەکە بردەوە. ناپۆلی لەسەر دەستی مازاری دوو جار بۆ قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ سەرکەوتووە و لە دوایین وەرزیدا، راهێنەرە ئیتاڵییەکە توانی پلەی دووەم لە خولی ئیتاڵیدا بەدەستبهێنێت. لە دوای جێهێشتنی ناپۆلی، مازاری راهێنەرایەتی هەریەکە لە یانەکانی ئینتەرمیلان، واتفۆرد، تۆرینۆ و کالیاری کردووە. پێشبینی دەکرێت وەرزی داهاتوو جارێکی دیکە دەموچاوێکی نوێ راهێنەرایەتی ناپۆلی بکات، بەڵام تاکو ئەوکات چارەنووسی ناپۆلی لە دەستی مازارییە.