ڤیدیۆ: یاریزانێك ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت به‌ بۆنه‌ی ده‌ركردنی باوكی به‌ كارتی سوور

رووداو ـ هه‌ولێر

ئوستن ریڤه‌رز، یاریزانی باسكه‌ی یانه‌ی هیوستن رۆكێتس دڵخۆش بوو كاتێك ناوبژیوان باوكی ئه‌وی به‌ كارتی سوور ده‌ركرد له‌به‌رئه‌وه‌ی راهێنه‌ری تیپی به‌رامبه‌ر بوو.

دۆك ریڤه‌رز راهێنه‌ری تیپی باسكه‌ی یانه‌ی لۆس ئه‌نجلس كلیبه‌رزه‌ و ئوستن ریڤه‌رزی كوڕیشی یاریزانی یانه‌ی هیوستن رۆكێتسه‌، كه‌ هه‌ردوو یانه‌ی باوك و كوڕ رووبه‌ڕووی یه‌كدی بوونه‌وه‌ و له‌و یارییه‌دا ناوبژیوان ریڤه‌رزی باوكی به‌ كارتی سوور ده‌ركرد و كوڕه‌كه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌فه‌ت بۆ باوكی بخوات، ئاهه‌نگی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ گێڕا و گاڵته‌ی به‌ باوكی كرد.

راهێنه‌ری لۆس ئه‌نجلس كلیبه‌رز زۆر به‌ توندی ره‌خنه‌ی له‌ ناوبژیوانانی یارییه‌ك گرت و له‌ ئه‌نجامدا به‌ كارتی سوور ده‌ركرا، ئه‌مه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كان دڵی كوڕه‌كه‌ی زۆر خۆش كرد و ته‌نانه‌ت به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ئاهه‌نگیشی گێڕا.

ئوستن پێشتر له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2015 تاوه‌كو 2018 له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی باوكیدا یاری بۆ لۆس ئه‌نجلس كلیبه‌رز كردووه‌ و بووه‌ته‌ یه‌كه‌م یاریزان له‌ مێژووی خولی پیشه‌گه‌رانی ئه‌مریكادا له‌گه‌ڵ باوكی یاری بكات، به‌ڵام دواتر چووه‌ ریزه‌كانی یانه‌ی هیوستن رۆكێتس.

ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ی كوڕه‌ یاریزانه‌كه‌دا كۆتایی هات و یانه‌كه‌ی باوك تووشی دۆڕان بوو.