وێنە؛ هەڵبژاردەی کرواتیا لە کۆشکی سەرۆکایەتییدا خەڵاتکرا


رووداو - هەولێر

گاربەر کیتارۆڤیچ، سەرۆکی کرواتیا لەبەرامبەر ئەو ئەنجامە باشانەی لە ماوەی رابردوودا بەدەستیانهێناون و پلەی دووەمی مۆندیالی 2018ـی رووسیایان بردەوە، هەڵبژاردەی کرواتیای خەڵاتکرد.



کیتارۆڤیچ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی پێشوازیی لە زلاتکۆ دالیچ، لوکا مۆدریچ و تەواوی یاریزانەکانی دیکەی هەڵبژاردەی کرواتیای کرد و خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەشکردن.




سەرۆکی کرواتیا لەو رێورەسمەدا گوتی، زۆر سوپاستان دەکەم بەرامبەر بردنەوەی ئەو دەستکەوتە مێژوویە، ئێوە دڵی جیهانتان بردەوە، پێش هەموو شتێک زەردەخەنەتان خستەر سەر لێوەکانم، سوپاستان دەکەم کە کرواتیاییەکی جوانتان پێشانی جیهاندا، هیچ کەسێک هێندەی من دڵخۆش نییە بەو دەستکەوتەتان، زۆر سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە لەنێو کرواتیا و دەرەوەی کرواتیاش بۆ هەڵبژاردەکە یارییدەکەن، سوپاس بۆ ئەوەی ناسنامەی وڵاتەکەتا گەڕاندەوە و شانازیتان پێوەدەکەم.



لەلایەن خۆیەوە زلاتکۆ دالیچ، راهێنەری هەڵبژاردەکە بەناوی تیپەکەی سوپاسی سەرۆکی کرواتیای کرد کە لە ماوەی مۆندیالی رووسیادا لەگەڵ هەڵبژاردەکەبوو و هانیدان، گوتیشی ئەو پاڵپشتییەت ئێمەی هاندا بۆ ئەوەی زیاتر خۆمان ماندووبکەین تاوەکو هەموو جیهان دڵخۆش بکەین و ئەو شانازییە ببەینەوە.



هەڵبژاردەی کرواتیا لە مۆندیالی 2018ـی رووسیا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە 2-4 بەرامبەر فەرەنسا دۆڕا.