نەیمار بۆ ئارسیناڵ و ڤینیسیۆس بۆ هیلال

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نەیمار ڤینیسیۆس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێشتا ناوی ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، بەستراوە بە یانەی هیلالی سعودی، کە لە چەند رۆژی رابردوودا جارێکی دیکە میدیاکانی جیهان باسیان لە ئەگەری رۆیشتنی ڤینی بۆ خولی رۆشنی سعودی کردەوە.
 
یانەی هیلال دەیەوێت بەهێنانی کۆمەڵێک ئەستێرەی دیکەی جیهان ریزەکانی زۆر بەهێز بکات بۆ بەشداریکردن بە بەهێزترین تیپەوە لە جامی جیهانی یانەکان، بۆ ئەو مەبەستەش چاوی بەرپرسانی یانەکە کەوتووەتە سەر ڤینیسیۆس، کە پێیانوایە ڤینی دەتوانێت بۆ ساڵانی داهاتوو سەرکردایەتی پڕۆژەی تیمەکە بکات.
 
لە هەمانکاتدا ئەم هەواڵە پەیوەست بوو بەئەگەری جێهێشتنی ریزەکانی یانەی هیلال لە لایەن نەیماری ئەستێرەی بەرازیلییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی زەحمەتیی ئەگەری پێکەوە بوونی هەردووکیان لە یەک تیپدا، لە رووی تەکنیکی و داراییەوە، هەروەها لەبەر چەند هۆکارێکی دیکە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە سوپرایزێک لەلایەن فرانک وارنی راهێنەری بەنێوبانگی بۆکسێنەوە راگەیێنرا، کە لە وەرزی ریازدا لە ڤیدیۆیەکدا لەتەنیشت نەیمارەوە دەرکەوت و وارن گوتی "نەیمار دوای چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی بەزووترین کات پەیوەندی بە ئارسیناڵەوە دەکات".
 
وارن بە نەیمار دەڵێت "نەیمار لەگەڵ ئارسیناڵ دەبیت، ئێمە لەوێ پێویستمان بە تۆیە، پێویستمان بە تۆیە"، نەیمار بە پێکەنینەوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت "من گەڕامەوە، گەڕامەوە".
 
نابێت سیناریۆیەکی لەم شێوەیە رەتبکرێتەوە، هەرچەندە لەوانەیە نەیمار رووبەڕووی هەندێک کێشە ببێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە پرێمەرلیگدا بە فۆرماتێکی وا گەورە و بەهێز یاری بکات، لەگەڵ هەموو ئەو پێکانانەی لە ژیانی وەرزشیدا تووشی بووە، بەتایبەت لە ریزەکانی تیپێکدا کە تاوەکو دوایین گەڕەکانی پرێمەرلیگ لەگەڵ مانچێستەر سیتی و هەندێکجاریش لیڤەرپوول رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکات.
 
ئەگەر نەیمار پەیوەندی بە ئارسیناڵ یان هەر تیپێکی دیکەوە بکات، ئەمە بە واتای دیارییەکی دەستبەجێ دێت بۆ هیلال، کە نزیکەی ساڵ و نیوێکە ئەو یاریزانە بەرازیلییە پەیوەندی بە ریزەکانییەوە کردووە بێ ئەوەی هیچ سوودێکی لێوەربگرێت.
 
میدیاکانی سعودیە، دەڵێن "ئەگەر نەیمار لە مانگی یەکی داهاتوو بڕوات، ئەمە مانای ئەوەیە کە هیلال پارەیەکی باش وەردەگرێت لە بەرامبەر رۆیشتنی و دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ نەیمار".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە