هالاند روو لە ئیسپانیا دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکرد، ئێرلینگ هالاند بڕیاریداوە چیدی لە پرێمەرلیگ نەمێنێتەوە و روو لە خولی لالیگا بکات.
 
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجیی یانەی مانچێستەر سیتی، لەم وەرزەدا لە حەوت یاریی پرێمەرلیگدا 10 گۆڵی تۆمارکردووە و لە پلەی یەکەم دێت لە ریزبەندیی گۆڵکارانی پرێمەرلیگ دێت. پێدەچێ چیدی ئەو ئەستێرەیە درێژە بەکاروانەکەی خۆی لە خولەکەدا نەدات.
 
ئەو یاریزانە کە ساڵی 2022 رووی لە یانەی مانچێستەر سیتی کرد بە دەستەوارەیەکی 60 ملیۆن یۆرۆیی، ئەو یاریزانە لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی، نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ، جامی ئینگلتەرا، جامی جیهانی یانەکان و جامی سوپەری ئەورووپای بەدەستهێنا.
 
ئەو هێرشبەرەی سیتیزن، لە 108 یاریدا، 101 گۆڵی لەگەڵ مانچێستەر سیتی تۆمارکردووە.
 
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانەی باس لە رۆیشتنی گواردیۆلا دەکەن، ترس لە نێو مانچێستەر سیتیدا دروست بووە لە لەدەستدانی ئەستێرەکانی دیکەی و رووخانی ئەو ئیمپڕاتۆرییەتە تۆکمەیەی پێپ لە دوایین هەشت ساڵدا لە یانەکە دروستی کردووە.
 
سەرچاوەیەکی ئیسپانی ئەمڕۆ بۆمبێکی گەورەی تەقاندەوە و رایگەیاند، "هالاند بڕیاریداوە هەنگاوێکی نوێ لە کاروانی وەرزشی خۆی بنێت، هەست دەکات کاتی لە ئینگلتەرا کۆتایی هاتووە".
 
سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی هالاند لەگەڵ سیتی ساڵی 2027 کۆتایی دێت، لە گرێبەستی ئەو یاریزانەدا هاتبوو، ئەگەر روو لە یانەیەکی دەرەوەی ئینگلتەرا بکات، ئەوا ئەو یانەیە دەتوانێت بە 175 ملیۆن یۆرۆ تواناکانی بەدەستبهێنێت.
 
سەرچاوەکە زیاتر دەڵێت، "هالاند دەیەوێت لە هەنگاوە نوێیەکەیدا روو لە ئیسپانیا بکات".
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەداوە کە هالاند دەیەوێت روو لە لالیگا بکات، بەڵام روونی نەکردووەتەوە، روو لە کام یانەی ئەو خولە دەکات، بەڵام پێناچێت لە دوو گەورەکەی ئیسپانیا، بارسێلۆنا و ریال مەدرید، دەربچێت.
 
ریال مەدرید سەرەڕای گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، هێشتا کێشەی گۆڵ تۆمارکردنی هەیە و هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستی بە سەرەڕمێکی گۆڵکارە، ئەمە لە کاتێکدایە ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی یانەکە و بەربژێری سەرەکی باڵۆندۆر، ناوی بە خولی سعودیەوە بەستراوەتەوە، پێدەچێت لە ئەگەری چوونی ڤینیسیۆس بۆ خولی رۆشن، ئەگەری گواستنەوەی هالاند بۆ ریال مەدرید زیاتر بێت.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی بارسێلۆنا، سەرەڕای ئەوەی کە بە قەیرانێکی داراییدا دەڕوات، لە رووی ئاستەوە نایاب بووە و لە پێشەنگی لالیگا دێت، هێرشبەری ئەو یانەیە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵکاری خولەکەیە و سەرکردایەتی یانە کاتەلۆنییەکەی کردووە لە گرنگترین سەرکەوتنەکانی.
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی تەمەنی گەورەیە، پێدەچێت لە چەند وەرزی داهاتوودا بارسێلۆنا جێبهێڵێت و پێویستە یانەکە بە دوای یاریزانێکدا بگەڕێت شوێنی ئەو پڕبکاتەوە، ئێرلینگ هالاندی 24 ساڵ باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت و هاوشانی یاماڵ سەرکردایەتی نەوەی تازەی یانەی بارسێلۆنا بکات.
 
پێش چوونی بۆ مانچێستەر سیتی، ئەو یاریزانە نزیک بوو لەوەی روو لە یانەی بارسێلۆنا بکات، بەڵام بەربەستە داراییەکان هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەو گواستنەوەیە روونەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە