هەواڵێکی خۆش بۆ بارسێلۆنا و ناخۆش بۆ ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

هەواڵە خۆشەکە گەیشتە مەشقەکانی یانەی بارسێلۆنا، کە تایبەتە بە گەڕانەوەی یەکێک لە باشترین و کاریگەرترین یاریزانەکانی، کە ماوەیەکی زۆر بوو بەهۆی پێکانێکی قورسەوە لە یاریگاکان دوورکەوتبووەوە.
 
میدیاکانی ئیسپانیا باسیان لەوە کردووە کە پزیشکانی بارسێلۆنا گڵۆپی سەوزیان بۆ گەڕانەوەی گاڤی بۆ یاریکردن هەڵکردووە و ئیستا بڕیار لەدەست تیمی راهێنەراندایە، و ئەوان دوای هەڵسەنگاندن بڕیار دەدەن کە کەی بە پێویستی دەزانن بۆ یاریکردن بەو یاریزانە.
 
گاڤی، بەر لە زیاتر لە 11 مانگ لەیاریی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرامبەر هەڵبژاردەی جۆرجیا، لە رۆژی 19ـی11ـی2023، لە خولەکی 26 یارییەکە بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی، یاریگای بەجێهێشت و لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا لە یاریکردن دابڕاوە. 
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، هانسی فلیکی راهێنەری بارسا زۆر دڵخۆشە بە گەڕانەوەی گاڤی بۆ پێکهاتەکەی، چونکە بە یاریزانێکی زۆر گرنگی تیپەکەی دەزانێت و دەیەوێت بۆ یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید، کە 26ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت بەباشی ئامادەی بکات.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، فلیک بەنیازە لە یاریی داهاتووی بارسا لە لالیگادا، کە بەرامبەر سێڤییایە، چەند خولەکێک یاری بە گاڤی بکات، ئینجا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات کە ئایا لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر بایرن میونشن چەند یاری پێدەکات و بۆ یاریی کلاسیکۆ هیوای زۆرە کە بەشێوەی سەرەکی بەشداری بەو یاریزانەی بکات.
 
گاڤی، یەکێکە لە یاریزانە گرنگەکانی یانەی بارسێلۆنا و لەوکاتەوەی سەرخراوە بۆ تیپی یەکەم، بەشداری 111 یارییدا کردووە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، 8 گۆڵی تۆمارکردووە و 12 ئەسیستی بۆ هاوڕێکانی کردووە. 
 
بێگومان گەڕانەوەی یاریزانێکی کاریگەر بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا و یاریکردنی لە کلاسیکۆدا بەدڵی مەدریدییەکان نابێت، لە کاتێکدا ئەو یانەیە بەدەست پێکرانی کۆمەڵێک یاریزانی کاریگەری پێکهاتەکەیەوە دەناڵێنێت.