راهێنەرەکەی ئۆنداڤ، مەشقدانی ئەستێرەکانی یونایتدی رەتکردووەتەوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی شتوتگارت یانەی مانچێستەر یونایتد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لە سوپرایزێک کردووە لەنێو کارگێڕیی یانەی مانچێستەر یونایتد، کاتێک یەکێک لە را‌هێنەرەکانی خولی ئەڵمانیا، شوێنگرتنەوەی ئێریک تێن هاگی، راهێنەری یانەکەی رەتکردووەتەوە.
 
رۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، مانچێستەر یونایتد هاوینی رابردوو دانوستاندنی لەگەڵ سیباستیان هۆنیس، راهێنەری شتوتگارت کردووە، تاوەکو مەشقدانی تیپەکە وەربگرێت.
 
وەک رۆژنامەکە گوتوویەتی، هۆنیس لەگەڵ هەریەکە لە تۆماس توخێل و رۆبێرتۆ دی زێربی، دانوستاندنیان لەگەڵ کراوە.
 
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، هۆنیس، دەستەوارەی مەشقدانی یونایتدی رەتکردووەتەوە، بەباشی زانیوە لەگەڵ شتوتگارت بەردەوام بێت، پاشئەوەی پێشەوایەتیی ئەو یانەیەی کرد بۆ گەیشتنە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ.
 
هۆنیسی 42 ساڵ، لە ساڵی 2023ەوە راهێنەری یانەی شتوتگارتە و مەشقدەری دەنیز ئۆنداڤی هێرشبەری کوردی یانەکەیە.
 
دەنیز ئۆنداڤ کە لەدایکبووی شاری رووهای باکووری کوردستانە و تەمەنی 28 ساڵە، پاش یارییکردن بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی وەرزێک بۆ شتوتگارت، لەسەر داوای هۆنیس گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانە ئەڵمانییە کرایە هەمیشەیی.
 
رۆژنامەکە دووپاتیکردووەتەوە کە هۆنیس دڵخۆشبووە بەو پلانەی یانە ئینگلیزییەکە پێشکێشی کردووە بۆ بەڕێوەبردنی تیپەکە، بەڵام پێیوابووە هێشتا کاری ئەو لە ئەڵمانیا کۆتایی نەهاتووە و هەر ئەوەش هۆکاربووە بۆ مانەوە لە کارەکەی.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، شکستی کارگێڕیی یانەکە لە رازیکردنی چەندین راهێنەر بۆ مەشقدانی یانەکە، هۆکاربوو بۆ ئەوەی یانەکە متمانە بەتێن هاگ نوێبکەنەوە و ئەو راهێنەرە لە کارەکەی بەردەوام بێت.
 
مانچێستەر یونایتد، خراپترین سەرەتای لە مێژووی خۆی لە پرێمەرلیگی ئەمساڵدا هەیە، پاشئەوەی لە حەوت یاریدا، تەنیا هەشت خاڵی کۆکردەوە و لە پلەی چواردەی ریزبەندی گشتیی خولەکەیە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە