ڤیدیۆ؛ ئونداڤی کوردان دەیەوێت ئەمشەویش سەرکەوتنێکی دیکە بە ئەڵمانیا ببەخشێت

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
دێنیز ئونداڤ
دێنیز ئونداڤ
نیشانەکردن دێنیز ئونداڤ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هەڵبژاردەی هۆڵەندا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بۆ مسۆگەرکردنی گەیشتن بەقۆناخی هەشتی نەیشنسلیگ، بۆ دووپاتکردنەوەی بوونی مانشافت لەسەر راستەڕێی هەڵسانەوە، بۆ درەوشانەوەیەکی دیکەی هێرشبەرە کوردەکەی ئەڵمانیا، ئالیانز ئارێنا بەیەکگەیشتنی دوو هەڵبژاردە بەهێزەکەی ئەڵمانیا و هۆڵەندا لەخۆ دەگرێت.
 
ئەڵمانیا کە بەحەوت خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە، بەبردنەوە لە هۆڵەندا، کورسییەکی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەر دەکات، بەڵام هەمووان چاوەڕێن ئەو مسۆگەرکردنە، لەسەر دەستی هێرشبەرە کوردەکەی مانشافت بێت.
 
دەنیز ئۆنداڤ کە لە یاریی پێشووی ئەڵمانیادا بەرامبەر بۆسنیا دوو گۆڵی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و ڤار لە هاتریک بێبەشیکرد، دەیەوێت دڵنیایی ئەوە بە یولیان نایگێلسمان بدات، کە دەکرێ بۆ داهاتوو وەک هێرشبەری سەرەکیی ئەڵمانیا پشتی پێ ببەستێت.
 
ئۆنداڤی کورد، کۆچکردوو لە باکووری کوردستانەوە بەرەو ئەڵمانیا، لە وەرزێکی نموونەییدا دەژی، بۆ دووەم یاریی لەسەریەک لە نەیشنسلیگ گۆڵی تۆمارکرد و درێژەی بەدرەوشانەوەی خۆی لە وەرزەکەدا، پاشئەوەی لەگەڵ شتوتگارت چوار گۆڵی تۆمارکرد.
 
ئەڵمانیا کە پێویستی زۆری بەدرەوشانەوەی هەموو یاریزانەکانی هەیە، گیرۆدەی دەستی پێکانی زۆری ژمارەیەک یاریزانی بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایگێلسمان پارێزگاریی لە هاوسەنگیی تیپەکەی کردووە و لە سێ یاری رابردوودا دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی بەدەستهێناوە.
 
یارییەکە تەنیا بۆ ئۆنداڤ و هاوڕێکانی رووداوێکی سەرنجڕاکێش نابێت، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، رێزلێنانی تایبەت بۆ ئەستێرە وازهێناوەکانی هەڵبژاردەکە رێکدەخات، ئێلکای گوندۆگان، تۆماس مولەر و مانوێل نۆیەر لە یاریگەدا دەبن بۆ ماڵئاوایی، لە کاتێکدا تۆنی کرووس کە دەبوو لەهەمان بۆنەدا ئامادەبێت، لە ئالیانز ئارێنا نابێت.
 
ئەڵمانیا لە یارییەکانی رابردووی خۆی، سیفاتە مێژووییە گەورەکەی بەخۆبەدەستەوەنەدان و بەردەوامبوون پێشاندایەوە، بەتایبەت لە یاریی پێشووی هۆڵەندا لە نێو خاكی ئەو وڵاتە، نایگێلسمان هیواخوازە یاریزانە ئامادەکان، درێژە بەهەمان ریتم بدەن.
 
هۆڵەندا لای خۆیەوە، دەست بەئومێدی خۆهەڵساندنەوە لە یارییەکەدا دەگرێت، پاشئەوەی لە دوو یاریی رابردووی پاڵەوانێتییەکەدا یەکسانبوو.
 
هۆڵەندا لە یارییەکەدا ڤێرجل ڤان دایکی ئەستێرەی بەرگری، بەهۆی کارتی سوورەوە لەدەستداوە و ئەوەش ئەرکی هەڵبژاردەکە قورسدەکات لە یارییەکەدا کە ئەڵمانییەکان دەیانەوێت لە ئالیانز ئەرێناوە، سەرکەوتنێکی دیکە بەدەست بهێنن و دڵنیاببنەوە لەوەی، مانشافت بەدەنگی بەرز و ئاستی ناوازەوە، جارێکی دیکە بەڕێکەوتووەتەوە.

 

گرنگترین یارییەکانی ئەمڕۆ لە نەیشنسلیگ.. 
 
ئازەربایجان - سلۆڤاکیا 19:00
جۆرجیا - ئەڵبانیا 19:00
ئایسلاند - تورکیا 21:45
وێڵز - مۆنتینێگرۆ 21:45
ئیستۆنیا - سوێد 21:45
بۆسنە - هەنگاریا 21:45
ئەڵمانیا - هۆڵەندا 21:45
بەلجیکا - فەرەنسا 21:45
ئیتاڵیا - ئیسرائیل 21:45
ئۆکراینا - چیک 21:45

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە