ڤیدیۆ؛ سکانداڵێکی گەورە هەڕەشە لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

هاندەرانی ئیتاڵیا چاوەڕێبوون هەڵبژاردەکەیان لەگەڵ لۆچیانۆ سپالێتیدا بگاتە سەردەم و چەرخێکی نوێ کە تێیدا ئازۆری بەرگی شکست لەبەردەم سەرکەوتن بۆ دوو مۆندیالی لەسەریەک، لەخۆی دابنڕێت، بەڵام سکانداڵێکی گەورە و هەژێنەر، بەرۆکی پێگرتن.
 
لەوانەیە دە یاریزانی خولی ئیتاڵی، لە سکانداڵە نوێیەکەوە گلابن. ئەمە ئەو رستەیەیە کە هەموو ئیتاڵیا بەبێدەنگی لەرووپەلی رۆژنامەکاندا دەیخوێنێتەوە و هەمووان تووشی سەرسڕمان و دڵەڕاوکە دەکات، چونکە دەبێ بپرسین، ئەمجارە، سکانداڵەکە بەکوێ دەگات.
 
ئیتاڵیا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماڵتا لە میانی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی داهاتوو ئامادەدەکرد، ئیتاڵییەکان دەیانویست پاش بردنەوەی پێشوو لە ئۆکراینا، سێ خاڵی ئاسانی یارییەکەی ماڵتا بکەنە سەرەتای دڵنیابوونەوە لەوەی دەتوانن لە یۆرۆی داهاتوو بن، بەڵام سکانداڵی قومارکردنی یاریزانانی خولی نێوخۆیی وڵاتەکە، هەموو گەشبینییەکی تۆراند.
 
نیکۆلۆ ڤاجیۆلی، یاریزانی ناوەڕاستی یوڤێنتوس، ساندرۆ تۆنالی، ناوەڕاستکاری هەرەدیاری ئێستای ئیتاڵیا و نیکۆلۆ زانیۆلۆ، کە هەمووان یاریزانی کاریگەری هەڵبژاردەکەن، وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان ناچارکران بچنە بەردەم داواکاری گشتیی تۆرینۆ، چونکە تۆمەتبارن بەوەی لە ئینتەرنێدا قوماریان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە و ئەوەش شتێکە، یاسا رێگەی پێنادات.
 
ئەو سێ یاریزانە لە کەمپی هەڵبژاردەکە دووخرانەوە، پاشئەوەی پۆلیس چوونە نێو کەمپی هەڵبژاردەکەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو یاریزانانە و دەستی بەسەر مۆبایلەکانیاندا گرت، ئەوەش جۆرێک لە کەشی نائارامیی و ترسی لە ئیتاڵیادا دروستکردووە، چونکە سکانداڵەکانی پێشووی هاوشێوەی سکانداڵی کالچیۆ بۆلی بەبیرهێنایەوە.
 
لوچیانۆ سپالێتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، لەو بارەیەوە گوتی "پاشئەوەی کە روویدا، ناچاربووین کاتیان بدەینێ بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە نێو کەسوکاریان و قسە لەگەڵ یانەکانیان بکەن، پێموایە لەو دۆخانەدا باشترە ئەوان لەگەڵ ماڵباتەکانیان بن. من دڵنیام لەوەی ئەوان خۆیان دەزانن کە باشترین شت ئەوەی روونکردنەوە بدەن لەسەرئەوەی روویداوە و دەشتوانن خۆیان لە رووداوەکە دووربخەنەوە و بگەڕێنەوە نێومان بەزووترین کات".
 
ئەو دۆخ و رووداوە لەناکاوەی کە روویداوە و پێدەچێ چەندین یاریزانی دیکەی هەڵبژاردەکە و یانە جیاوازەکانی وڵاتەکە پەلکێشی بەردەم داواکاری گشتیی بکات، چونکە گومانی ئەوەیان لەسەرە لە یاساکانی قومارکردن و گرەو لەسەر یارییەکان لایاندابێت، لە کاتێکدا لە یانە جیاوازەکانی وڵاتەکە یارییان کردووە.
 
ئیتاڵییەکان ناچارن ئەمجارەش خۆیان لەگەڵ سکانداڵێکی دیکەدا بگونجێنن، بەڵام دیار نییە سنووری کاردانەوە و رەنگدانەوەکانی لەسەر هەمووان تاوەکو کوێ بڕ دەکات.
 
جیان لویجی دۆنارۆما، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، گوتی "بیست و چوار کاژێری رابردوومان زۆر قورس بوو. بەڵام ئەمە کاریگەریی لەسەر تیپەکە و ئامانجەکانمان دروست ناکات. ئێمە تەنیا چاومان لەسەر مەشق و یارییەکانمانە، ئامادەین بۆ ئەوەی هەموو شت بکەین لەپێناو بردنەوەی یارییەکەدا. پێموایە ئەوەی روویدا، کاریگەریی لەسەر ورەی تیپەکەمان نابێت".
 
دۆسێی لێکۆڵینەوەکان درێژدە دەکێشێت و هەڵبژاردەکەش ناچارە یارییەکانی لە پاڵاوتندا ئەنجام بدات، لۆچیانۆ سپالێتی بەپەلە کەوتە خۆ بۆ پڕکردنەوەی شوێنی یاریزانە دوورخراوەکان، هەرزوو ستیڤان شەعراوی بانگهێشتکردەوە کە ماوەی دوو ساڵە یاریی بۆ ئیتاڵیا ئەنجام نەداوە، بەئومێدی ئەوەی ئەو یاریزانە، لانیکەم خاڵێکی گەشبینی بێت، لە نێو کۆی هەفتەیەکی پڕ لە رەشبینیی تۆپی پێی ئیتاڵیادا.