ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ لە درەوشانەوە و گۆڵکردن و نووسینەوەی مێژوو بێزار نابێت

رووداو دیجیتاڵ

 

نە رۆناڵدۆ لە درەوشانەوە و گۆڵ تۆمارکردن و نووسینەوەی مێژوو بێزار دەبێت و نە هاندەرانی پۆرتوگال دەتوانن بیهێننە بەرچاوی خۆیان بەمنزیکانە ئەفسانەکەیان بڵێ ماڵئاوا.
 
نە تەمەن دەتوانێ سنوورێک بە خەون و حەزەکانی رۆناڵدۆ دابنێ و نە مێژوویەکی لێوانلیۆ لە سەرکەوتن و ژمارەی پێوانەیی و گۆڵ و نازناو، دەتوانن ئەستێرە سی و هەشت ساڵییەکەی پۆرتوگال تێر بکەن.
 
پۆرتوگال یارییدەکات، رۆناڵدۆ دەدرەوشێتەوە، گۆڵ تۆمار دەکات، ئاهەنگ دەگێڕێت و یاریگە دەخاتە سەر ئاوەزی سەمایەکی دیکەی سەرکەوتن و لە کۆتاییشدا هەڵبژاردەکە دەگاتە یۆرۆیەکی دیکە، تاوەکو لاپەڕەی نووسینەوەی ئاڵنگارییەکی دیکە دەستپێبکات.
 
پۆرتوگال بووە یەکەم هەڵبژاردە بەفەرمی سەرکەوتنی خۆی بۆ یۆرۆی داهاتوو مسۆگەرکرد.. بەرازیلی ئەوروپا کاروانێکی ناوازە و نایابی لە پاڵاوتنەکاندا هەبوو، سەرجەم یارییەکانی خۆی بردەوە، ئاستێکی باشی پێشاندا و رۆناڵدۆش درێژەی بەنووسینەوەی مێژوودا.
 
هاندەران لە یاریگەدا بەرلەوەی گوێیان لەسروودی نیشتمانی بێت، ئاهەنگیان بۆ دووسەدەمین یاریی ئەفسانەکەیان گێڕا.. ئەفسانەیەک کە پێناچێ کەس ئازایەتیی ئەوەی هەبێت بەئاسانی لەگەڵیدا بکەوێتە ئاڵنگارییەوە.
 
دوای ساڵانێک لە دەرکەوتن لەگەڵ فێرناندۆ سانتۆس، پۆرتوگال هەرزوو بڕیاریدا خەمی چوونە دەرەوە لە مۆندیال لەسەردەستی مەغریب لەبیر خۆی بباتەوە و رۆبێرتۆ مارتینێز بووە راهێنەری هەڵبژاردەکە.
 
مارتینێز پاش ئەزموونی کارکردن لەگەڵ ئەستێرەکانی بەلجیکا، دەبوو ئەمجارە لەگەڵ ئەستێرەی هەرە گەورەی نێو ئەستێرەکاندا کاربکات و ئەو راهێنەرە هەرزوو لەوە تێگەیشت، رێگەی سەرکەوتن، بەبەردەم ماڵەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆدا دەڕوات، بۆیە هەلی دڵخۆشبوونی کریس و درەوشانەوەکانی ئەوی لە سعودیە، جارێکی دیکە خستەوە خزمەت بەرازیلی ئەوروپا و لە کۆتاییدا هەمووان براوە بوون.
 
لە میانی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی داهاتوودا، پۆرتوگال ئاستێکی ناوازە و توانایەکی گەورەی پێشاندا، ژمارەیەکی زۆری گۆڵی تۆمارکرد و بەرگرییەکی پتەوی بەرامبەر هێرشی هەڵبژاردەکانی دیکە کرد و رکابەرەکانی یەک بەدوای یەکدا خست. مارتینێزی راهێنەر توانی پۆرتوگالێکی یەکگرتووتر و کاریگەرتر پێشانی هاندەرەکانی بدات، پۆرتوگالێک کە دەتوانێ سوودی زۆر لە دوا رۆژەکانی درەوشانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریگەدا وەربگرێت.
 
پۆرتوگال وێڕای دڵنیابوون لە سەرکەوتن بۆ یۆرۆ، هێشتا سێ یاریی دیکەی دەمێنێت و ئەوەش هەلی ئەوە دەداتە هەڵبژاردەکە تاوەکو لە نمایشی توانا و هێزی خۆی بەرامبەر رکابەرەکانی بەردەوام بێت و هەوڵبدات ئەوپەڕی ئامادەیی دەروونیی بۆ رووکردنە ئەڵمانیا لە هاوینی داهاتوو، لە خۆیدا پێشان بدات.