لە کۆڵانە پڕ چەکەکانەوە بۆ ریال مەدرید و خەونی بردنەوەی باڵۆن دۆر

14-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریال مەدرید باس لە ژیانی هەژاریی خۆی لە گوندێکی بەرازیل تاوەکو گەیشتن بە یاریزانێکی پیشەگەر و بەنێوبانگ دەکات و خەون بەبردنەوەی باڵۆن دۆرەوە دەبینێت.
 
ڤینیسیۆس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری فرانس فۆتبووڵی فەرەنسی کە خەڵاتی باڵۆن دۆر دەداتە باشترین یاریزانی جیهان دەڵێت "بەدرێژایی ژیانم نەمتوانیووە سێ رۆژ بەبێ یارییکردن بەسەرببەم، جا لە پشوودابم یان نا، کاتێک منداڵبووم دەچوومە هەر شوێنێک بۆ ئەوەی یاری بکەم، تەمەنم 8 ساڵ بوو کاتێک دەمویست هاوشێوەی نەیمار بم و باوکم بەجێیدەهێشت بۆ ئەوەی لەسەر شەقامەکان یاری بکەم."
 
ڤینی لەبارەی منداڵی خۆیەوە زیاتر گوتی "ماڵبەتەکەم نەهامەتیی زۆری بینیوە، چونکە ئێمە هیچمان نەبوو و باوکم بڕیارییدا لە دەرەوەی گەڕەکەی ئێمە کاربکات، کاتێک تەمەنم 5 ساڵ بوو، بەڵام ئەوە بەس نەبوو، ماڵباتەکەم وازیان لە ژیان هێنا لەپێناو خەونەکەی من و پێموایە ئێستا قەرزەکە دراوەتەوە، دەکرێت خەون ببێتە راستی و بێتەدی، ئێمە زۆر ناخۆشیمان بینی و خۆشم نازانم لە تەمەنی لاوێتیدا چیمکردووە، بەڵام سوپاس بۆ خوا گەیشتوومەتە خەونەکەم کە هەمیشە خەونم ئەوەبوو تۆپی پێ بکەم".
 
ئەستێرە لاوەکەی ریال مەدرید دەڵێت "من لە گەڕەکێکی مەترسیداردا گەورەبووم، لەسەر هەموو رێگەیەک و لە هەموو شوێنێک چەک هەبوو، ئەوە یەکێک لە ناخۆشترین و خراپترین گەڕەکەکانی ریۆ دی جانیرۆ بوو، بەڵام خەڵک کاتەکانیان بە تۆپێ پێیەوە بەسەردەبرد و منیش هاوڕێی دروستم هەبوو، بۆیە توانیم ئەو رێگەیە بگرمەبەر کە دەمویست، بەڵام ئەوە بۆ هەموو کەس رێکناکەوێت و هەندێک کەس ناچار دەبن بەهۆی پێویستیان و نەبوونییەوە رێگەی هەڵە دەگرنەبەر، بەڵام خۆشبەختانە من رێگەی خۆمم دۆزییەوە، هاوڕێی باشم هەبوون و پەیوەندییەکەمان بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە. 
 
ڤینسیۆس لەبارەی پەیوەندی خۆی و کارلۆ ئەنچێلۆتی قسەیکردووە دەڵێت "پەیوەندیی من و کارلۆ ئەنچێلۆتی وەک کوڕ و باوکە، ئەو هەموو شتێکمان پێدەڵێت و هەمیشە پاڵپشتیم دەکات و هەوڵدەدات هەست بە ئارامی بکەم و دەیەوێت هاوکاریی یاریزانە گەنجەکان بدات، هەموو ئەم شتانە وای لێدەکەن کەسایەتییەکی جوانی هەبێت."
 
گۆڵکارە لاوەکە لەبارەی یانەی ژیانی و مانەوەی لە ریال مەدرید تاوەکو کۆتایی کاروانی یارییکردنی گوتی "دەمەوێت تاوەکو کۆتایی ژیانی پیشەگەریم لە ریال مەدرید بمێنمەوە، بەڵام یانەی ژیانی من فلامینگۆیە، بەڵێنم بە باوکم داوە کە رۆژێک دەگەڕێمەوە لای و ئەو بەڵێنە جێبەجێدەکەم."
 
پرسیاری باشترین یاریزانی ریال مەدرید لە ڤینیسیۆس کرا، ئەو بەپێکەنینەوە گوتی "لە رابردوودا بە دڵنیایی و رێژەی 100٪ کەریم بنزیما، لە دوای رۆیشتنیشی دەڵێم بنزیما، چونکە ئەوە یاریزانەکانی دیکە لە ئیرەیی دووردەخاتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا ڤینیسیۆس لەبارەی جود بێلینگهامەوە قسەیکرد و گوتی "بێلینگهام بەشێکە لە ماڵباتی ئێمە و دڵخۆشم بە گرێبەستکردن لەگەڵی، ئێمە چەند مانگێکە پەیوەندیمان هەیە و پێمگوتووە ریال مەدرید باشترین یانەی جیهانە، ئەو یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهانە و ئەوم زۆر خۆشدەوێت، گۆڵ دەکات و یانەکەشی خۆشدەوێت، ئەو باشترین یانەی هەڵبژاردووە."
 
پرسیاری ئەگەری پەیوەندیکردنی کیلیان ئێمباپێ لە ڤینی کرا، ئەو دەڵێت "بارودۆخی ئێمباپێ جیاوازە، بێلینگهام وەک ئەوەی دەزانین هاوینی رابردوو دەیتوانی لە دۆرتموند بڕوات و زۆر جوان بوو کە پەیوەندیی بە یانەکەمانەوە کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمووان دەیانەوێت لەگەڵ ئێمباپێ یاری بکەن و هیوادارم رۆژێک لە رۆژان پەیوەندیمان پێوە بکات، چونکە ئەو یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهانە و دەکرێت ئێستا باشترین بێت، ئەو ئاستێکی جیاوازتری هەیە لەوانەی دیکە."
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە باس لە رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی دەکات و دەڵێت "من گوتبووم خولی ئیسپانی خولی رەگەزپەرستەکانە دوای ئەوەی لە گەڕی 35ـی وەرزی رابردوو لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا روویدا، بەڵام من هەمیشە لە دەرەوەی یاریگەکان رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبوومەوە، قسەم لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا کرد و هیچ نەگۆڕا، بەڵام کاتێک جیهان هاتەسەرهێڵ ئەوان کاردانەوەیان پێشاندا، من دەزانم ناتوانم رەگەزپەرستی و مێژوو بگۆڕم، بەڵام ئەگەر هیچ نەبێت دەتوانم، هەندێک شت بکەم خەڵکی دیکە رووبەڕووی ئەو بارودۆخانە نەبنەوە."
 
پرسیاری بردنەوەی باڵۆن دۆر لە ڤینیسیۆس جونیۆر کرا، هێرشبەرەکەی ریال مەدرید دەڵێت "با چاوەڕێ بکەین، وەک بنزیما، ئەو هەمیشە ئاسیستی بۆ رۆناڵدۆ دەکرد و هاوکاریی دەکرد، رۆناڵدۆ خەڵاتەکەی دەبردەوە، بەڵام لە کۆتاییدا کەریم خەڵاتەکەی بەدەستهێنا، لە کۆتاییدا هاوڕێکانم رۆڵێکی گەورەیان هەیە لەم بابەتەدا، رەنگە من 60 گۆڵ تۆماربکەم، بەڵام نازناوەکان نەبەینەوە، کەواتە چۆن دەتوانم باڵۆن دۆر بەدەستبهێنم، بەبێ ئەوەی تیپەکەم هیچی بردبێتەوە؟ لە راستیدا ئێمە هەموومان بەیەکەوە کاردەکەین، لە کۆتاییدا هاوشێوەی مۆدریچ و بنزیما یەکێک لەنێو تیپەکەدا باڵۆن دۆر بەدەستدەهێنێت و ئەوە خەونی منە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە