تەقییەوە.. سێ ئەستێرەی بەرازیل لەگەڵ سێ ئافرەت لە قافا گیران

 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی سکانداڵێکی گەورە لەنێو هەڵبژاردەی بەرازیل ئاشکرا دەکات و سێ ئەستێرەی هەڵبژاردەکە لەگەڵ سێ ئافرەت لە قافا گیراون.
 
ماتیۆس بالدێ، رۆژنامەڤان و پێشکێشکار لە تەلەڤزیۆنی باند تیڤی بەرازیلی دەڵێت "دوای یارییەکەیان بەرامبەر ڤێنزوێلا لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال، هەریەکە لە نەیمار، ڤینیسیۆس جونیۆر و ریچارلیسۆن کاتەکانیان لەگەڵ سێ ئافرەت بەسەربردووە، سەرەڕای ئەوەی لە یارییەکەدا یەکسانبوون و دوو خاڵیان لەدەستدا."
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیش هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت " نامەیەکی دەنگی لە رێگەی واتس ئاپەوە دزەی پێکراوە و تێیدا دەردەکەوێت کە نەیمار لەگەڵ ئافرەتێک بووە بە ناوی ریبێکا ریبێرۆ، ڤینیسیۆس لەگەڵ لیتێسیا سوجێرۆ و ریچارلیسۆن لەگەڵ ریتا لۆپێز کاتەکانیان بەسەربردووە.
 
موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە رۆژی دوای یارییەکە، ڤیدیۆیەکی ریبێکا ریبێرۆ کە لەگەڵ نەیمار بووە و لە هۆتێلی مانەوەی هەڵبژاردەی بەرازیل دزەیپێکراوە.
 
رۆژنامەڤانە بەرازیلییەکە ئەو نامە دەنگییەشی بڵاوکردووەتەوە کە لەنێوان هەرسێ ئەستێرە بەرازیلییەکە و سێ ئافرەتەکەدا ئاڵۆگۆڕی پێکراوە.
 
دوای ئەم رووداوانە، چاوەڕواندەکرێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل لێکۆڵینەوە لە راستیی بابەتەکە بکات و ئەگەر راستبێت، هەرسێ یاریزانەکە بە ئەگەری زۆرەوە سزادەدرێن، بەڵام ئەوەی بۆ هاندەرانی ریال مەدرید جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەوان لەوە دەترسێن، نەیمار بارودۆخی ڤینی تێکبدات و کاریگەری لەسەر ئاستی یاریزانەکە دروستبکات.