سانابریا بێدەنگی دەشکێنێت.. تفی کردووەتە مێسی؟

14-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سانابریا مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئانتۆنیۆ سانابریا، یاریزانی هەڵبژاردەی پاراگوای رەتیدەکاتەوە تفی کردبێتە مێسی و دەڵێت "ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە بکەم، چی بە کچەکانم دەڵێم".
 
لە یارییەکانی گەڕی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و پاراگوای رووبەڕووی یەکبوونەوە، لە یارییەکەدا رووداوێک روویدا کە گوایە ئانتۆنیۆ سانبریا تفی کردووەتە لیۆنێل مێسی، دوای یارییەکەش مێسی گوتی "پێیانگوتم، بەڵام گرنگیم پێینەدا و رووبەڕووی نەبوومەوە، نامەوێت قسە لەو بارەیەوە بکەم و ئەو یاریزانە ناناسم."
 
رووداوەکە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و هەڕەشەی زۆر لەو یاریزانەی پاراگوای کران، ئەمە ئانتۆنیۆ سانابریای ناچارکرد وەڵامی هەموو ئەو قسانە بداتەوە.
 
سانابریا لە پەیامێکدا دەڵێت "ناچارم بێدەنگی بشکێنم لەسەر ئەوەی روویدا، بەهۆی ئەوەی کە ماڵباتەکەم رووبەڕووی هەڕەشەی زۆر بوونەتەوە، بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەمەوە ئەوە راستبێت کە باس دەکرێت، هەرگیز من کارێکی لەو شێوەیە ناکەم بەرامبەر هاوڕێیەکی پیشەگەرم و دەرگای رێز بەڕووی هەموواندا دەکەمەوە."
 
یاریزانە پاراگواییەکە زیاتر نووسیوویەتی "ئەگەر ئەوە بکەم چۆن وەڵامی کچەکانم بدەمەوە؟ رێنوێنی هەمووان دەکەم با ئەو کاتە قسەبکەن کە بەتەواوی شتەکان دەزانن."
 
لە یارییەکەدا مێسی لە نیوەی دووەمدا بەشدارییکرد، ئەرجەنتین یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و بە سێ بردنەوەی لەسەریەک چووە پێشەنگی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور، بۆ پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە