پۆچێتینۆ پەیامێک بۆ مەدریدییەکان دەنێرێت

رووداو دیجیتاڵ

ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری ئەرجەنتینیی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، هێشتا هیوای بە مانەوەی کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری فەرەنسی لە تیپەکەیدا ماوە، دەشڵێت "هیوادارم لە یاریی کۆتایی جامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی ریال مەدرید ببینەوە".
 
راهێنەری ئەرجەنتینی، لە هەڤپەیڤینێکی تازەدا سەبارەت بە ئێمباپێ قسەی کردووە و دەڵێت "کیلیان کوڕێکی لەسەرخۆ و هێمنە، ئەو باشە، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی هەیە، ئەو پیاوێکی راشکاوانەیە و تۆپی پێی خۆشدەوێت، تەمەنی 22 ساڵە، بەڵام لە رووی مامەڵەکرن لەگەڵ هەندێک هەڵوێستی تایبەتدا بە ئاستێکی بەرزەوە مامەڵە دەکات، من گومانم لەوە نییە کە کیلیان دەتوانێت رووبەڕووی هەر ئاڵنگارییەک ببێتەوە کە لە داهاتوودا دێتە رێگەی".
 
سەبارەت بەوەی ئایا ئێمباپێ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ریزەکانی پاریس سانجێرمان جێدەهێڵێت؟ پۆچێتینۆ گوتی "ناکرێت بە چاوێکی کەم سەیری یاریزانانی تۆپی پێ بکرێت، ئەوان چەندین کەسیان لە دەورە کە رێنماییان پێدەدەن، بەڵام لەبارەی رۆیشتن یان مانەوە ئەوە بڕیارێکی تایبەتە و خۆی بڕیار دەدات چی بکات، بەدڵنیاییەوە کیلیان ئەو بڕیارە دەدات کە پێویستە بیدات".
 
ئەو زیاتر گوتی "یانەکەمان هەموو شتێک دەکات لەپێناو هێشتنەوەی لە ریزەکانیدا، چونکە ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان، تەمەنی بچووکە، بەڵام کار و تواناکانی گەورەن".
 
راهێنەری پی ئێس جی، بەردەوامە لەسەر قسەکردن لەبارەی کیلیان و دووپاتیدەکاتەوە "کارگێڕیی پاریس سانجێرمان هەوڵدەدات ئەو بە مانەوە رازی بکات، یانەکەمان دەیەوێت کیلیان ساڵانێکی زۆر لێرە بمێنێتەوە، هەرچۆنێک بێت هەموو ئەگەرەکان کراوەن، لەوانەیە هەڵوێستی ئێمباپێش بگۆڕدرێت".
 
لە بەشێکی قسەکانیدا، راهێنەری ئەرجەنتین باسی چامپیۆنزلیگی کرد و گوتی "هیوادارم یاریی کۆتایی جامپیۆنزلیگی ئەمساڵ لە نێوان پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید بکرێت".
 
دوای ئەو قسانە لێیانپرسی، ئەگەر پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بکەن و لە دواساتەکاندا لێدانێکی سزا بۆ پاریس سانجێرمان هەژمارکرا، رێگە بە ئێمباپێ دەدەی لێدانەکە جێبەجێبکات؟ راهێنەری پاریس سانجێرمان لە وەڵامدا گوتی "بێگومان ئەوکات رێگری لەوە ناکەم کە کیلیان لێدانەکە جێبەجێبکات، چونکە من گۆمانم لە پیشەگەریەتی ئەو نییە، ئەو بە رێژەی 200٪ پیشەگەرە و تاوەکو دوایین رۆژی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەشێوەیەک یاری دەکات وەک ئەوەی 5 یان 10 ساڵی دیکەی لەگەڵمان مابێت".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بەو ئەستێرە لاوە فەرەنسییە، پۆچێتینۆ گوتیشی "هیچ گومانێکم نییە لەوەی ئێمباپێ هەمان ئاست و پێگەی مێسی و کریستیانۆی هەیە، خۆشبەختین کە مێسی و نەیمار و ئێمباپێمان هەیە، زۆر خۆشحاڵم کە هەموو رۆژێ لە مەشقەکاندا دەبینین، ئەو یەکێکە لە گەورەترین بەهرەکانی تۆپی پێ لە ئێستا و داهاتوودا".