ڤیدیۆ: سانتۆس باسی تەندروستی رۆناڵدۆ دەکات

رووداو دیجیتال

فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دڵنیایی بە هەوادارانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرە و کاپتنی پۆرتوگال دا کە تەندروستی ئەو یاریزانە جێگیرە و بەهیچ شێوەیەک مایەی نیگەرانی نییە.

دوێنێ یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا تووشبوونی کریستیانۆی بە ڤایرۆسەکە راگەیاند و دووپاتیکردەوە کە دۆن ناتوانێت بەرامبەر سوێد یاری بکات، کە بڕیارە ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان ئەو دوو هەڵبژاردەیە لە گەڕی چوارەمی نەیشن لیگدا رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.

فێرناندۆ سانتۆس، لە کۆنگرەی رۆژناماڤانی بەر لە یارییەکەدا باسی کاپتنی هەڵبژاردەکەی کرد و گوتی "با کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەم بەوە دەستپێکەم، دەمەوێت پێتانبڵێم تەندروستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ زۆر باشە، ئەو زۆر بە باشی لەگەڵ ئەم بارودۆخە هەڵسوکەوت دەکات".

راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، زیاتر لەبارەی کریسەوە، گوتی "ئەو هەر کە پشکنینەکانی دەرچوو خۆی کەرەنتین کرد، هەروەها بەهۆی بەرکەوتنیان لەگەڵ رۆناڵدۆ پشکنینی نوێ بۆ سەرجەم یاریزانانی پۆرتوگال کراوە".

سانتۆس ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دۆن کردووە و خۆی پێیگوتووە کە ئەو زۆر باشە و گوتی "رۆناڵدۆ پێیگوتم هیچ نیشانەیەکم نییە، تەندروستیم باشە".

راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە بەردەوامی قسەکانیدا سەبارەت بە رۆناڵدۆ، گوتیشی "ئەو لە پشکنینی دووەمدا دەرکەوت تووشی کۆرۆنا بووە، ئێمە یاساکان و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێدەکەین، چونکە تەندروستی یاریزانان بۆ هەمووان گرنگە، ئێمە هەشت رۆژە بەیەکەوە لە کەرەنتینەین، هەرچی هاتبێت پشکنینی بۆ کراوە، کەمپەکەی ئێمە داخراوبوو، لە کەمپەکەماندا هیچ کێشەیەکمان نەبوو، ئەوەی گرنگە هەموو یاریزانەکان رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێدەکەن".