بارسێلۆنا بۆ رزگارکردنی پێدری لە پێکان پلانێکی داناوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێدری پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، ئەو پلانەی ئاشکراکرد کە یانەی بارسێلۆنا جێبەجێی کردووە، بۆ ئەوەی یاریزانەکەی، پێدری لە نەفرەتی دووبارەبوونەوەی پێکانەکانی رزگار بکات.
 
پێدری بەم دواییانە لە ناوەوەی لای ئەژنۆی چەپیدا تووشی سوڕانەوەی پلەدوو بوو، کاتێک لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەشداری یارییەکانی نەیشنسلیگی کرد.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، یانە کەتەلۆنییەکە توێژینەوەیەکی بۆماوەیی لەسەر ماسوولکەکانی پێدری ئەنجامداوە، و دەرکەوتووە کە رۆژانە پێویستی بە وەرزشی ئاسن هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تووشی پێکان نەبێت، و پلانەکە لە بواری جێبەجێکردندایە.
 
لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە، پێدری داوای لە یانەکەی کردووە یارمەتی بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دووبارە نەبوونەوەی پێکانەکانی.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە و دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی، پەیوەندییان بە خولیۆ تۆس، راهێنەری توانای جەستەیی یانەکەوە کردووە و داوایان لێکردووە پلانێکی تایبەتی جەستەیی بۆ پێدری ئامادە بکات.
 
لای خۆیەوە، تۆس بە هاوکاری لەگەڵ خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان داوای شیکارییەکی بۆماوەیی گشتگیری ماسوولکەکانی یاریزانەکەی کردووە، بۆ ئەوەی بە وردی ریشاڵی ماسوولکەکانی دەستنیشان بکرێت، شیکارییەکە لە تاقیگەیەکی پێشکەوتووی تایبەت بە نەخۆشییە بۆماوەییەکان، لە شاری بالتیمۆری ئەمریکی ئەنجامدراوە.
 
توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە پێدری رۆژانە پێویستی بە راهێنانی وەرزشی بەهێز هەیە و یانەکە پلانێکی بۆ داڕشتووە، کە جگە لە کارکردن لە یانەکەدا، رۆژانە سێ راهێنان لە هۆڵی وەرزشی لە ماڵەکەی خۆیدا ئەنجام دەدات.
 
هەروەها پێدری تەنانەت لە پشووەکانیدا دوای یۆرۆی 2024، مەشقەکانی رانەگرت، چونکە یانەکە کەسێکی لە تیمی خولیۆ تۆس نارد بۆ دوورگەکانی کەناری بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بەردەوام بێت لە راهێنانەکان، ئێستاش لە دۆخێکی جەستەیی نایابدایە.
 
پێدری لە کاتی یارییەکەی ئیسپانیا بەرامبەر ئەڵمانیا لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 لە سەرەتای مانگی تەمموزدا تووشی پێکان بوو، دوای ئەوەی لەلایەن تۆنی کرووسی ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدەوە لێیدرا.
 
بارسێلۆنا بەهۆی پێکانەکەی پێدری، بڕی 300 هەزار یۆرۆر لە فیفا وەک قەرەبوو وەرگرت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە