تایبەت بە رووداو.. شەوێکی مێژوویی چاوەڕێی دهۆکە و سەرۆکی یانەکە مژدەیەکی گەورە دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی دهۆک لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە، ئامادەیی یانەکەی بۆ بەڕێوەبردنی ئاهەنگی دەستپێکردنی رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق راگەیاند و داوای پاڵپشتی هاندەران دەکات.
 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "لە ماوەی سێ وەرزی رابردوودا یانەی دهۆک بەشێوەیەکی جیاواز دەرکەوتووە، هۆکارەکەشی یەکگرتنی دەستەی کارگێڕی یانەکە، یاریزانان و هاندەرانی یانەکە و پاڵپشتی راستەوخۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی ئێوەوە سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی ئەوان دەکەین و بەشێوەیەکی گشتی ئامادەکارییەکی زۆرباشمان بۆ ئەم وەرزە کردووە و هیوادارین جێگەی رەزامەندی هاندەرانی یانەکە بین."
 
لەبارەی قۆناخی ئامادەکاری و ئەنجامە خراپەکانیان لە یارییە دۆستانەکاندا سەرۆکی یانەی دهۆک دەڵێت "یانەی دهۆک چوار یاریی ئەنجامداوە، لە دوو یارییدا یەکسانبووە و دوو یاریی دۆڕاندووە، یارییە دۆستانەکان پار و پێراریش بەمشێوەیە بوون و یارییە دۆستانەکان گرنگ نین، گرنگ ئەوەیە چەند سوودیان لێوەردەگرن، پاڵەوانێتی فەرمی هەفتەی داهاتوو دەبێت و بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەنجامەکان خراپ بن لەسەریان رادەوەستین، چونکە تیپی ئەمساڵەمان و ئەو گرێبەستانەی ئەمساڵ کردوومانە یانەکانی عێراق چاویان لەسەرە، دەتوانم بڵێم ئەو بودجەیەی بۆ ئەمساڵ دابینکراوە هێندەی هەردوو وەرزی رابردوو بووە، ئەمە تۆپی پێیە و سەرکەوتن لەلای خواوەیە، ئێمە گرێبەستی باشمان کردووە، 6 یاریزانی پیشەگەرمان هێناوە و 5 یاریزانمان گواستووەتەوە کە لە خولەکانی ئەورووپا یارییان کردووە."
 
سەرۆکی یانەی دهۆک زیاتر گوتی "تیپەکە نوێیە، راهێنەر و یاریزانەکان نوێن، هەندێک کاتی پێویستە بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی تەواو دروست دەبێت و هیوای زۆرمان بە تیپەکە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت، کێشەی گەورەمان ئەوەیە کە هێرشبەرمان نییە و لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشبەرێکی سوپەر دەگوازینەوە."
 
لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ میوانداریکردنی رێوڕەسمی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەکە بە رووداوی گوت "ئامادەکارییەکی زۆرباشمان کردووە، پشتبەخوا هەفتەیەکی دیکە لە دهۆک کاری جیاواز دەبینن، سوپاسی هەموو ئەو کەس و خۆبەخشانە دەکەین کە 24 کاژێر لە یانەی دهۆکدا کاردەکەن، لە ژێرخانی وەرزشیدا کارێکی زۆر گەورە کراوە، ئەوەی کراوە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا نەکراوە، پەیامی ئێمە بۆ هاندەرانی یانەکەمان ئەوەیە هاوکاریی لایەنە ئەمنییەکان و یانەکە بکەن بۆ ئەوەی وێنەیەکی زۆر جوان پێشانی هەموو عێراق بدەین."
 
ئاهەنگی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، رۆژی 20ـی ئەم مانگە لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە یەکەم یاریی خولەکەدا، یانەی دهۆک بەرامبەر یەکێک لە یانە گەورەکانی عێراق یاری دەکات.
 
بۆ ئەم ئاهەنگە تایبەتە یانەی دهۆک ئامادەکارییەکی زۆری کردووە، ژمارەیەکی زۆری میوان لەسەر ئاستە جیاوازەکان لە عێراق و کوردستان بانگهێشتکراون، بۆ ئەوەی لەو شەوەدا لە دهۆک بینەری ئاهەنگێکی گەورە و جیاواز بن.
 
رووداو پێشتر بڵاویکردبووەوە، کە هەریەکە رەحمە ریاز، خانمە هونەرمەندی عێراقی و حەسەن شەریف، هونەرمەندی بەنێوبانگی کوردستان لە ئاهەنگەکەدا گۆرانی دەڵێن، جگە لەوەش چەندین بڕگەی هونەری سەرنجڕاکێش لە کولتوورە جیاوازەکانی عێراق لە یاریگەدا نمایش دەکرێن.