راهێنەری لیڤەرپوول: باسی گرێبەستی یاریزانەکانم لەگەڵ مەکەن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ یانەی لیڤەرپوول محەممەد سەڵاح
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئارنێ سلۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی جارێکی دیکە لێدوان و کۆمێنتی لەبارەی چارەنووسی محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی یانەکە، هەروەها دوو یاریزانی دیکەی تیپەکەی رەتکردەوە.
 
ئارنێ سلۆت کە هاوینی ئەمساڵ شوێنی یۆرگن کلۆپی لە مەشقدانی یانەکە گرتەوە، پرسیاری لێکرا لەبارەی دۆخی بەردەوامبوون یانە رۆیشتنی هەریەکە لە محەممەد سەڵاح، ڤیرجل ڤان دایک و ترێنت ئەلیکساندەر ئارنۆڵد. سلۆت لە وەڵامدا گوتی ئەگەر زۆر پرسیاری لێبکرێت لەسەر ئەو بابەتە، وەڵامێکی بێزارکەرانە دەداتەوە.
 
پێشتر، محەممەد سەڵاح لە دوای یاریی یانەکەی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد لە گەڕی سێیەمی پرێمەرلیگ، مشتومڕێکی زۆری دروستکرد کاتێک گوتی، ئەمە دوایین وەرزمە لە لیڤەرپوول.
 
ئەوکات، راهێنەر هۆڵەندییەکەی لیڤەرپوول گوتی، زۆر پرسیار هەن لەوباریەوە، بەڵام ئەو لەم ساتەدا یاریزانی ئێمەیە و منیش دڵخۆشم بەبوونی لە تیپەکەمدا، من لەبارەی گرێبەستی یاریزانانەوە قسە ناکەم، بەڵام دەتوانم چەندین کاژێر باسی ئاستی محەممەد بکەم لە بەرامبەر یونایتد.
 
سلۆت لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، بەر لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر نۆتێنگهام فۆرێست، پرسیاری لێکرا لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی هەرسێ یاریزانەکە، بەڵام ئەو جارێکی دیکە قسەکردنی لەوبارەیەوە رەتکردەوە.
 
سلۆت لە وەڵامی رۆژنامەڤانەکاندا گوتی، من جارێکی دیکە وەڵامی بێزارکەرانەم دەبێت، وەڵامەکەش ئەوەیە کە ئێمە لێرە باسی گرێبەستی یاریزانان ناکەم.
 
ئەو هەروەها گوتی، "خۆم سەرقاڵ ناکەم بەو شتانەوە، من تەنیا بەشێوەیەکی گشتی چاوم لەسەر تیپەکەمە و کاردەکەم لەگەڵ یاریزانەکانم بۆ ئەوەی باشترین ئاستی خۆیان پێشان بدەن".
 
سیانەی ڤان دایک، ئارنۆڵد و سەڵاح، لە نەوەی زێڕینی درەوشانەوەی تیپەکەن لەگەڵ یۆرگن کلۆپی راهێنەری پێشوودا، پێکەوە رۆڵی گەورەیان هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ لە 2019 - 2020 کە کۆتایی بە 30 ساڵ چاوەڕوانی یانەکە هێنا بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
 
سەڵاح کە لە 2017ەوە لە لیڤەرپوول یارییدەکات، تاوەکو ئێستا 352 یاریی لەگەڵ لیڤەرپوول ئەنجامداوە، 214 گۆڵی تۆمارکردووە و پێنجەم گۆڵکەری مێژوویی لیڤەرپوولە.
 
سیانەی ڤان دایک، سەڵاح و ئارنۆڵد لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکانیان لەگەڵ لیڤەرپوول کۆتایی دێت. تاوەکو ئێستا لیڤەرپوول هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە