رۆناڵدۆ تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لە یوتیوب چەند پارەی دەستدەکەوێت؟

رووداو دیجیتاڵ

 

کەناڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، کە بەم دواییە لە پلاتفۆرمی یوتیوب لەژێر ناوی UR CRISTIANO دەستیپێکردووە، بەردەوامە لە گەشەکردنی بەرچاو و ژمارەیەکی پێوانەیی لە ژمارەی فۆڵۆوەڕس و بینەری تۆمارکرد.
 
کەناڵەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەنێو هاندەرانی تۆپی پێدا زۆر بەنێوبانگ بووە.
 
کەناڵە نوێیەکەی رۆناڵدۆ لە یوتیوب تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60 ملیۆن سەبسکرایبی تێپەڕاندووە و هەوادارانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەتامەزرۆییەوە دەیانەوێت بزانن کە ئەو یاریزانە ئێستا لە یوتیوب چەند داهاتی دەستدەکەوێت.
 
بەپێی دوایین نوێکارییەکانی ماڵپەڕی They Scored کە تایبەتە بە ئامارەکان، قازانجی کەناڵی رۆناڵدۆ، دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستپێکردنی، نزیکەی 2.5 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە، بەمەش دەبێتە خێراترین کەناڵی یوتیوب لە رووی بەدەستهێنانی زۆرترین داهات.
 
بەپێی ئەکاونتی TeamCRonaldo لە پلاتفۆرمی "X" کە تایبەتە بە هەواڵەکانی رۆناڵدۆ، یاریزانە پۆرتوگالییەکە لە رێگەدایە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ لە یوتیوب بەدەستبهێنێت، کە هەمان تێکڕایی ئەو مووچەیەیە کە ساڵانە لە یانەکەی پێشووی، ریال مەدرید وەریدەگرت.
 
لەکاتێکدا رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، لە راپۆرتێکی پێشوویدا رایگەیاندبوو "رێژەی ستانداردی ئێستای یوتیوب بۆ هەر هەزار بینەر نزیکەی 6 دۆلارە، تاوەکو ئێستاش کریستیانۆ زیاتر لە 20 ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوە کە کۆی بینینەکانیان زیاتر لە 200 ملیۆن بینەری تێپەڕاندووە. بەپێی ئەم پێوەرە، هەر کەسێک دەتوانێت لەنێوان 1200 بۆ 6000 دۆلار بۆ هەر ملیۆنێک بینین وەربگرێت.
 
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە سێیەم وەرزی لەسەریەک لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی بەسەر دەبات، بەو پێیەی لە ساڵی 2023 بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر پەیوەندی پێوەکرد، دوای ئەوەی یانەی پێشووی، مانچێستەر یونایتد رێگەی پێدا بڕوات.
 
وەرزی رابردوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ ژمارەی پێوانەیی شکاند لە تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لە یەک وەرزدا لە خولی سعودیە، لەگەڵ یانەی نەسڕیش 35 گۆڵی تۆمارکرد و رکابەرییەکەی لە پێشەنگی لیستی گۆڵکاران کۆتایی پێهێنا.