ئامەدسپۆر بۆ دووەم یاریی لەسەریەک یاری دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، چاوی لە دووەم بردنەوەی لەسەریەکە لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیادا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی خولی پلە یەکی تورکیا، ئەمڕۆ یانەی ئامەدسپۆر بە ئامانجی بەدەستهێنانی دووەم سەرکەوتن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی باندرمەسپۆر یاری دەکات.
 
ئامەدسپۆر لە چوار یاریی رابردوودا بردنەوەیەک، دوو یەکسانبوون و دۆڕانێکی هەیە و بە کۆکردنەوەی پێنج خاڵ لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
کەسک و سوورەکانی باکووری کوردستان لە یاریی رابردوودا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر کۆجەلی سپۆر بەدەستهێنا و ئەمڕۆ دەیەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە زیاتر هاندەرانی دڵخۆش بکات.
 
یانەی باندرمەسپۆر لە چوار گەڕی رابردوودا دوو بردنەوە، یەکسانبوونێک و دۆڕانێکی هەیە و لە پلەی شەشەمە بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ.
 
ئامەدسپۆر دەیەوێت یانەکە تووشی دووەم دۆڕان بکات و ژمارەی خاڵەکانی لە خولەکەدا زیاتر بکات.
 
ئامەدسپۆر یەکەمجارە بەشداری لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیادا دەکات، کە دووەم بەرزترین ئاستی تۆپی پێی تورکیایە و ئێستا دیارترین ناوی باکووری کوردستان لە وەرزشدا ناوی ئامەدسپۆرە.