پۆگبا تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی یەکێک لە گوناهە گەورەکانی دونیای تۆپی پێ

رووداو دیجیتاڵ

پۆل پۆگبا، یاریزانێکی باڵابەرزی خێرا، کاتێک لە دونیای تۆپی پێدا ناسرا و دەرکەوت، هەندێک وەک باشترین ناوەڕاستکاری جیهان باسیان کرد، رۆژانێک بووە گرانترین یاریزان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی هەموو جیهاندا.. سەردەمانێک وەک داهاتووی تۆپی پێ و درەوشاوەترین پێشبینی بۆ دەکرا، کەچی ئێستا لە زۆنگاوی کێشە و گرفتدا نوقم بووە و لە کۆتاییدا پێدەچێ چارەنووسی بریتی بێت لە چوونە دەرەوە، لە بچووکترین دەرگای تۆپی پێ.
 
پۆگبا لە ناکاو بەبەکارهێنانی وزەبەخش تۆمەتبارکرا. ئاژانسی لەناوبردنی هۆشبەر لە ئیتاڵیا گوتی ئەو یاریزانە لە پشکنینەکاندا دەرنەچووە و وزەبەخشی بەکارهێناوە، یاریزانەکە راگیرا و خرایە ژێر لێکۆڵینەوەوە، ئێستا ئەو کوڕەی رۆژانێک خەریکبوو دەبووە باشترین یاریزان، لەلایەن یانەکەیەوە سڕکرا و تا کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان، بۆی نییە یاریی بکات.
 
پۆگبا ساڵی 2016 بە ماڵپەری فیفای گوت، تۆپی پێ هەوڵدانە، دەکرێ زۆر بەسانایی بگەیتە لووتکە و زۆر بەخێرایی لێی بێتە خوارەوە، پێشبینی داهاتوو ناکەم، بەڵام هەموو هەوڵی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی هەموو نازناوەکان ببەمەوە، کاری لێبڕاوانە دەکەم، ئامانجم ئەوەیە ببمە باشترین یاریزانی جیهان. 
 
ئەوکاتەی پۆگبا ئەو قسانەی دەکرد، گەنجێکی خاوەن خەونی تەمەن 23 ساڵ بوو، ئەوکات بەرامبەر 110 ملیۆن یۆرۆ لە یوڤینتۆسەوە جارێکی دیکە گەڕایەوە مانچێستەر یونایتد و ئەو یاریزانە بوو کە جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری ئەوکاتی یانەکە پێیوابوو، دەکرێ ببێتە کرۆک و پایەی بونیادنانەوەی مانچێستەر یونایتد کە بەدوای رۆژانی سەروەریی خۆیدا دەگەڕێت.
 
پۆگبا ساڵی 2013 بووبووە پاڵەوانی جیهان بۆ خوار تەمەنی 20 ساڵان، پاشان بووە گرانترین یاریزان و هەمیشەش ناوی بە ریال مەدریدەوە دەبەسترایەوە، بەڵام ئەو هەرگیز لە بەرزونزمی و گەیشتن بە لووتکە و زوو هاتنەخوارەوە لێی، نەکەوت.
 
پۆگبا لە لووتکەی ئاستی خۆیدا یەکێکبوو لە باشترینەکانی جیهان. ئەو نازناوی مۆندیالی 2018ی لەگەڵ فەرەنسا بردەوە، هەمان وەرز لە پرێمەرلیگ درەوشایەوە و 13 گۆڵی تۆمارکرد و 11 ئەسیستی هەبوو.
 
پۆگبا لە ساڵانی 2015، 2016 و 2018 لە نێو لیستی کۆتایی پانزە یاریزاندا بوو بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر، ئەو ساڵی 2013 نازناوی باشترین یاریزانی لاوی بردەوە، بەڵام ئێستا ئەمانە هەموویان رابردوویەکن کە پۆگبا خۆی حەسرەتیان بۆ هەڵدەکێشێت.
 
پۆگبا بەزنجیرەیەک پێکاندا تێپەڕی، پاشان رووبەڕووی کێشەی گەورە بووەوە لەگەڵ ماتیاسی برایدا و ئەو هەندێک نهێنی براکەی ئاشکرا کرد، کە وێنەی ئەویان لە چاوی هاندەرەکانیاندا زۆر هێنایە خوارەووە، ئێستا پۆگبا تەمەنی 30 ساڵە و لە نوێترین دۆسێدا، تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی وزەبەخش.
 
یانەی یوڤێنتوس ئەویان لە یارییکردن راگرت و مووچەکەیان بڕی تاوەکو بێتاوانیی خۆی دەسەلمێنێت. ئەو گەرچی پێشتر موسڵمانبوون و شانازیکردنی بە ئاینەکەیەوە دەربڕیووە، بەڵام ئێستا تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی یەکێک لە گوناهە گەورەکان لە دونیای تۆپی پێدا.