ڤیدال: بەرامبەر ریال مەدرید زۆر دزیمان لێکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئارتورۆ ڤیدال، ئەستێرەی چیلی و پێشووی یانەی بارسێلۆنا و ئێستای یانەی ئاتلێتیکۆ پارانایێنسیی بەرازیلی دەڵێت "بەرامبەر ریال مەدرید دزیی زۆرمان لێکراوە."
 
یاریزانە 36 ساڵە چیلییەکە بۆ رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی قسەیکردووە و دەڵێت "بەدیارییکراوی لەبیرم نییە کە کام یاریی بەرامبەر ریال مەدرید بوو، بەڵام لە کاروانی یارییکردنمدا زۆر کاری دزیم بینیووە، تاوەکو ئەو رادەیەی کە هەندێکیان وردەکارییەکانیان لەبیر دەکەم، بەڵام بەگشتی دزیی زۆر لە تیپەکەم کراوە."
 
ئارتورۆ دوای ئەو قسانەی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بەراوردی نێوان لویس سوارێز و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گوتی "نازانم کام هێرشبەر لەوەی دیکەیان باشترە، ئەوان تایبەتمەندیی زۆریان هەیە، بەڵام من سوارێزم بەلاوە باشترە."
 
ڤیدال لەو بارەیەوە هێشتا قسەیکرد و دەڵێت "سوارێز ئەو شەڕانگێزییەی هەیە کە یاریزانانی ئەمریکای باشوور هەیانە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ئەوەی نییە."
 
ئارتۆرۆ ڤیدال، لە 2018 تاوەکو 2020 یاریی بۆ یانەی بارسێلۆنا کردووە، لەگەڵ ئەو یانەیە نازناوێکی خولی ئیسپانیا و نازناوێکی جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێناوە.
 
ناوەڕاستکارەکەی چیلی لە دوایین یاریی هەڵبژاردەکەیدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 تووشی پێکانبوون و بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و ئەگەری هەیە بەهۆی ئەو پێکانەوە ماوەیەک لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە.