ریال مەدرید بەبێ کەریم رووبەڕووی لایپزیگ دەبێتەوە

14-09-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید لایپزیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاش ساڵێكی نایاب لە چامپیۆنزلیگ و تێپەڕاندنی کۆسپی گەورەی یانە زەبەلاحەکانی ئەوروپا و گەیشتنەوە بە نازناوە دڵخوازەکەی و دوای ئەوەی لە یاری یەکەمدا کە بەوێستگەیەکی قورس دادەنرا بۆی، بەئاسانی سێلتیکی سکۆتلەندی تێپەڕاند، ئەمشەو ریال مەدرید لە یەکەم یاری نێو یاریگەی خۆیدا لەم وەرزە، میوانداری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی دەکات.
 
ریال مەدرید لە دوای پێکانی بنزیماوە ترسی ئەوەی لەسەربوو بکەوێتە دۆخی قورس و کەمبوونەوەی کاریگەریی یاریزانەکانی بەرامبەر گۆڵ، بەڵام جێگرەوەکانی ئەو لە باڵەکانی مەدرید و ئیدین هازاردیش لە ناوەڕاستدا، لە چەند یاری رابردوودا پێشانیاندا لە ئاستی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکەدان و دەتوانن تەنگژەکان تێبپەڕێنن.
 
ئیدین هازارد لە یارییەکەی سێلتیکدا ئاستێکی نموونەیی پێشکێشکرد و بردنەوەی بۆ تیپەکە مسۆگەرکرد، لە کاتێکدا شوێنگۆڕینی رۆدریگۆ لە یارییەکەی ریال مایۆرکادا، بردنەوەی تیپەکەی ئاسانتر کرد، ئەمشەو لەوانەیە کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر، پێویستی بە جێگۆڕکێیەکی دیکەی هێڵی پێشەوەی تیپەکەی هەبێت، لە پێناو بەدەستهێنانی بردنەوەدا.
 
یاری ئەمجارەی ریال مەدرید لە یاری پێشووی قورستر دێتە بەرچاو، گەرچی ئەو تیپە لە یاریگەی خۆیدا و پاڵپشت بەهاندەرەکانی یاریدەکات.. چونکە میوانەکەی میرەنگێ، لایپزیگی ئەڵمانییە، ئەو یانەیە کە لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا یەکەم دەرکەوتنی لە نێو بۆندێسلیگا لەگەڵ مارکۆ رۆزەی راهێنەری نوێی، بەسەرکەوتنێکی باش و گەورە بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمۆند کۆتایی پێهێنا و ئەوەش وایکردووە جۆشوخرۆشی یاریزانانی ئەو یانەیە لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەیان، لەوانەیە تەنگەتاوی بۆ ریال مەدرید دروست بکات و نەتوانێ بەئاسانی بەئەنجامێکی باش بگات لە یارییەکەدا.
 
لایپزیگ، لە رووی دەروونییەوە بۆ یارییەکە ئامادەیە، بەڵام ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەکە کۆنراد لایمێر بەهۆی پێکانەوە لە پێکهاتەی تیپەکەدا نابێت و ئەوەش لەوانەیە جۆرێک لە بێزارکردن و ناچارکردن بەگەڕان بەدوای شوێنگرەوەیدا، بخاتە بەردەمی رۆزەی راهێنەر.
 
یارییەکەی دیکەی کۆمەڵەکە شاختار دۆنێسکی ئۆکراینی و سێلتیکی سکۆتلەندی کۆدەکاتەوە.. شاختار لە یاری یەکەمیدا سەرکەوتنی گەورەی بەسەر لایپزیگی ئەڵمانیدا بەدەستهێناوە، بەڵام ئەوکاتەی یانە ئەڵمانییەکە ئەو یارییەی ئەنجامدا، تیپەکە لە دۆخێکی زۆر خراپدابوو، لەوانەیە رکابەرەکەی ئەمجارەی کە سەلتیکە نەیەوێت جارێکی دیکە بدۆڕێت و وا زوو لە لێکدانەوەکانی گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە بچێتە دەرەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە