ئەمشەو چامپیۆنزلیگە.. شەوی بیستنی سروودە بەنێوبانگەکەی تۆنی بریتنە

14-09-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خولەکانی ئەوروپا سەرجەمیان گەڕانەوە، بەڵام لە هەمووان گرنگتر، لە هەمووان کاریگەرتر و پێویستتر، بیستنی سروودە بەنێوبانگەکەی تۆنی بریتنە کە لەگەڵ گویبیستبوونیدا، مووەکانی جەستەش بەرزدەبنەوە، زە چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکاتەوە.

ئەمشەو بە فایناڵێکی پێشوەختە، بە لووتکەیەکی دیرۆکی و ئاگرین، یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەستپێدەکاتەوە و بارسێلۆنای ئیسپانی میوانداریی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەکات.

هاندەرانی بارسا رۆژێک لە رۆژان ئەنجامی 8-2ـی ساڵی رابردوویان بیرنەچووەتەوە، ئەوان داوای تۆڵەیەکی گەورە لە بایرن میونشن دەکەنەوە، بەڵام ئێستا نا، ئاخر نە حاڵی بارسا و نە پێکهاتە و نە شیرازەی تیپەکە لەوکاتە باشترە کە کارەساتەکە روویدا، بایرنیش گۆڕانکاریی کردووە، بەڵام ئەوانیش ئەو هێزەی جارانیان نییە و خۆشیان باوەڕیان بەوەنییە کە جارێکی دیکە ئەو ئەنجامە رووبداتەوە.

بارسای ئەمساڵ مێسی لەگەڵ نییە، بارسای ئێستا پێکانی زۆرە، ئاستیان یارییەک بۆ یارییەکی دیکە دەگۆڕێت، هێشتا کێشەی بەرگری چارەسەرنەکراوە، هێشتا کەس لە گرتنەوەی شوێنی مێسی نزیکنەبووەتەوە، گریزمان رۆیشتووە، عوسمان پێکانە و فاتیش چاکنەبووەتەوە، ئەگوێرۆش هێشتا سلفی لە ماشێنەکەی نەداوە و ئامادەی یاریکردن نییە، مەگەر هۆڵەندییەک شتێک بۆ کۆمان بکەن.

لە بەرامبەردا یانەی بایرن میونشن سەرجەم یاریزانەکانی گەشتی بارسێلۆنایان کردووە، بەتەواوی ئامادەی یارییەکەن و ئاستیشیان یاری بۆ یاری بەرزدەبێتەوە، دوو تاقیکردنەوەی قورسیشیان بە سەرکەوتوویی بڕی، لە لایپزیگ و دۆرتموندیان بردەوە، ئێستا کاتی تاقیکردنەوەی ئەوروپییە.

هەر لەم کۆمەڵەیەدا و لە کاژێر 22:00، یانەی دینامۆ کیێڤی ئۆکراینی میوانداری یانەی بەنفیکای پۆرتوگالی دەکات، ئەم یارییە بۆ هەردوولا گرنگییەکەی لەوەدایە کە کۆکردنەوەی هەرخاڵێک بۆ گەیشتن بە یۆرۆپالیگ و پلەی سێیەم یەکلاکەرەوە دەبێت.

لە کۆمەڵەی شەشەمدا، یانەی مانچێستەر یونایتد بە سەکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکەم دەرکەوتنی ئەوروپییان دەبێت، دۆن لە خولە دڵخوازەکەی خۆیدا دەردەکەوێ، ئەو کە گۆڵکەری مێژوویی خولەکەیە، چاوی لە زیادکردن و زۆرکردنی گۆڵەکانییەتی، چاوەکەی دیکەش لە کۆتاییەکەی، رەنگە هیچ یاریزانێک هێندەی کریستیانۆ جۆش و خرۆش لەم خولە وەرنەگرێت.

مانچێستەر یونایتد لە دەرەوەی یاریگەی خۆی میوانی یانەی یەنگ بۆیزی سویسرییە، یارییەکە لە 19:45 دەکرێت.

یاریی دووەمی ئەم کۆمەڵەیەش لە نێوان هەردوو یانەی ڤیاریالی ئیسپانی و پاڵەوانی وەرزی رابردووی یۆرۆپالیگ بەرامبەر بە ئاتالانتای ئیتاڵی دەبێت، ئەم یارییەیان لە کاژێر 22:00.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە