عەدنان درجال بۆ رووداو: هیوادارم هەڵبژاردنێکی پاک بکرێت و کێ دەیباتەوە پیرۆزی بێت

 
رووداو دیجیتاڵ

عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هیوادارم هەڵبژاردنێک پاک بکرێت و کێ دەیباتەوە پیرۆزی بێت."
 
درجال پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ رووداو قسەیکرد و گوتی "براکانم لە دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کاری زۆرباشیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کردووە، من هەمیشە گوتوومە هیوادارم شتێکی باش بێت، هیواخوازم هەڵبژاردنێکی پاک بکرێت تاوەکو کۆتایی و پیرۆزبایی لە هەمووان دەکەم کە براوە دەبن."
 
وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق زیاتر گوتی "کارنامەیەکی دوور و درێژم هەیە و لە ماوەی داهاتوودا هەمووی دەخەمەڕوو".
 
لەلایەن خۆیەوە شەرار حەیدەر، بەربژێر بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەلێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رکابەریکردنی عەدنان درجال، ئاڵنگارییەکی گەورەیە، لەکاتێکدا ئەو وەزیرە و هەموو سامانێکی لەژێر دەستە و یانەکانیش لەژێر دەستەڵاتی ئەون، بەڵام هیچ قسەیەکی دیکە ناکەم و لە هەڵبژاردنەکاندا وەڵامان دەبێت."
 
حەیدەر زیاتر دەڵێت "عەدنان درجال ئێستا وەزیرە و دەیەوێت ببێتە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ، لەکاتێکدا پێشتر بۆ پەرلەمان بەربژێر بووە و دەرنەچوو، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تۆپی پێی عێراق."
 
هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ دەستیانپێکرد، چاوەڕواندەکرێت دوای چەند کاژێرێک ناوی سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنەکە ئاشکرابکرێت.
 
ئەحمەد کۆچەر، ئەندامی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە رووداوی راگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆرمان کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی باش بەڕێوەببەین، نوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و فیفا ئامادەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بکەن."
 
سێ کورد لە هەڵبژاردنەکاندا لە رکابەریدان بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ئەوانیش هەریەکە لە تەها زاخۆیی، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ، گۆڤەند عەبدولخالق، ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، دیار فەخرەدین لە کەرکووک و مەحموود ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگەی سلێمانین، بەڵام شەوێک پێش هەڵبژاردنەکە ئەمیان خۆی لە رکابەرییەکە کشاندەوە.