لە دژی کێشەکانی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان خۆپیشاندان دەکرێت

14-09-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو - دیجیتال

بڕیارە پێشنیوەڕۆی سبەی سێشەممە لە شاری هەولێر وەرزشوانانی کوردستان گردبوونەوەیەک لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران سازبکەن.

ئامانجی گردبوونەوەکە لە دژی کێشەکانی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان و ئەو قەیرانەیە کە ئێستا بەرۆکی یەکێتییەکەی گرتووە.

رەفیق سەعید، راهێنەری پێشووی یانەی سۆران بە رووداوی گوت: رۆژی سێشەممە 14/9/2020 کاژێر 11ـی پێشنیوەڕۆ وەرزشوانانی کوردستان بەنیازن گردبوونەوەیەک لەبەردەم سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران سازبکەن لە دژی ئەو قەیرانە وەرزشییەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دروستیکردووە.

ماوەی دوو زیاتر لە حەوت مانگە چالاکییەکانی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان وەستاوە، هۆکارەکەش ڤایرۆسی کۆرۆنابوو، بەڵام بەر لە مانگ و نیوێک و لە غیابی سەفین کانەبی، سەرۆکی یەکێتییەکە کە بەهۆی نەخۆشییەوە لە دەروەی وڵاتبوو، کۆبوونەوەی یەکێتییەکە بەڕێوەچوو، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەکان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولەکە درا و یانەی نەورۆز کرایە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان، هیچ یانەیەکیش دانابەزێ، کەچی دوای مانگێک لەو کۆبوونەوەیە و لەدوای گەڕانەوەی کانەبی، کۆبوونەوەیەکی دیکەکرا و ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە، ئەمەش بە ئامادەبوونی 9 یانەی بەشدار لە خولی نایاب، ئەمەش ئەندامانی یەکێتییەکەی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد و تاڕادەیەکیش دوو ئیدارەیی لەنێو یەکێتییەکەدا دروستبوو.

چەند هەوڵێک هەبوون بۆ لێکنزیککردنەوەی ئەندامەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام هێشتا کێشەکان چارەسەرنەکراون و ئەندامانی سنووری سلێمانی ناچنە کۆبوونەوەکان.

ئێستا وەرزشوانان لە سەرتاسەری کوردستانەوە هەوڵدەدەن کێشەکان چارەسەربکەن و گردبوونەوەیەک دەکەن بۆ ئەوەی حکومەت بێتە سەرهێڵ سنوورێک بۆ دوو ئیدارەییەکەی نێو یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان دابنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە