ئەمڕۆ ناسر خلێفی دادگایی دەکرێت و دۆسییەکەشی ئاڵۆزە


رووداو دیجیتاڵ

ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدرالی سویسرا دادگایی دەکرێت، کە بەهۆی بەدەستهێنانی مافی پەخشی یارییەکانی فیفا بۆ تۆڕی بی ئێن سپۆرت تومەتبارە.

خلێفی ماوەی چەندین ساڵە بەوە تومەتبارکراوە، کە پارەی داوەتە بەرپرسانی پلە بەرزی پێشووی فیفا، بۆ ئەوەی هاوکاریی پێدانی مافی پەخشی مۆندیالی 2018 و 2022 بکەن، بۆ تۆڕی کەناڵەکانی بی ئێن سپۆرتی قەتەر کە خۆی خاوەنداریەتییان دەکات.

داواکاری گشتی خلێفیی بەوە تومەتبارکردووە، کە لە رێگەی جیرۆم فالکێ، سکرتێری پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ئەو کارەیەی کردووە و پارەیەکی زۆری لەبەرامبەر ئەوەدا داوەتە فالکێ، ئەویش ئاسانکاریی بۆ کردووە، بۆ ئەوەی مافی پەخشی مۆندیالەکان بدرێتە بی ئێن سپۆرت.

ئەگەر هاتوو ئەو تاوانە لەسەر جیرۆم فالکێ ساخبوویەوە، ئەگەری هەیە بە پێنج ساڵ زیندانیکردن سزابدرێت، کە پێشتریش چەندینجار تومەتی گەندەڵیی لە وەرزشدا دراوەتە پاڵ.

فالکێ جگە لەوە بەپێی زانیارییەکان هاوکاریی بی ئێن سپۆرتی کردووە، بۆ ئەوەی مافی پەخشکردنی مۆندیالەکانی 2026 و 2030ـش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بەدەستبهێنێت.

بەپێی داواکاری گشتی فالکێ و خلێفی، لە 24-10-2013 لە بارەگای کەناڵی بی ئێن سپۆرت لە فەرەنسا، گرێبەستێکیان واژۆکردووە، بۆ ئەوەی هاوکاریی کەناڵەکە بکات لە بەدەستهێنانی مافی پەخشکردنی یارییەکان بەشێوەیەکی تایبەت.

پێشتر فالکێ بەوە تومەتبارکرابوو، کە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا سوودی لە پۆستەکەی وەرگرتووە لە فیفادا، بۆ ئەوەی هاوکاریی کەناڵەکانی یۆنان و ئیتالیا بکات، بپ پەخشکردنی مۆندیالی 2018 و 2030، ئەو کارەشی لە رێگەی دینۆس دیریس، بازرگانی بەنێوبانگی یۆنانی کردووە و رێککەوتنەکەیان بۆ 2013 و 2015 دەگەڕێتەوە.

پێشتر لە 2016 و 2017، دوو کۆبوونەوەی نهێنی لەسەر پرسی گەندەڵی لە فیفادا، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی ئێستای فیفا و میکایل لاوبر، داواکاری گشتیی پێشووی سویسرای کۆکردووەتەوە و گفتوگۆیان لەو بارەیەوە کردووە.