ڤیدیۆ؛ فیۆرێنتینا خاڵێكی به‌ نرخی له‌ یوڤێنتوس وه‌رگرت

رووداو ـ هه‌ولێر

یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ ئه‌نجامی یاری فیۆرێنتینا و یوڤێنتوس بوو، كه‌ نه‌ رۆناڵدۆ و هاوڕێكانی نه‌ ریبێری و براده‌رانی نه‌یاتنوانی گۆڵ بكه‌ن.

له‌ یاری كردنه‌وه‌ی گه‌ڕی سێیه‌می سێریا ئه‌یدا، فیۆرێنتینا له‌سه‌ر یاریگه‌ی ئارتیمیۆ فرانكی میوانداری یوڤێنتوسی كرد و هه‌ریه‌كه‌ و خاڵێكیان به‌ركه‌وت.

له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌مدا فیۆرێنتینا باشتر یاری كرد و چه‌ندجارێك به‌هۆی هه‌ڵه‌كانی به‌رگریكارانی یوڤێنتوس، نزیك بوو له‌ گۆڵ تۆماركردن، به‌ڵام هیچ جارێك نه‌یتوانی تۆڕی خانمه‌ پیره‌كه‌ بهه‌ژێنێت.

له‌ نیوه‌ی دووه‌میشدا هه‌ردوو یانه‌ هه‌ندێ هێرشیان كرده‌ سه‌ر گۆڵی یه‌كدی، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی هیچ ئه‌نجامێكان هه‌بێت.

به‌م ئه‌نجامه‌ یوڤێنتوس ژماره‌ی خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ 7 خاڵ و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی پێشه‌نگی ریزبه‌نده‌كه‌ی گرتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ تاكه‌ خاڵ بوو فیۆرێنتینا له‌م وه‌رزه‌دا به‌ده‌ستبهێنێت، چونكه‌ دوو یاری یه‌كه‌می دۆڕاندووه‌.