ریال مەدرید و ئێمباپێ بوونە پاڵەوانی ئەورووپا

 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ یەکەم یاریی بەدرێسی یانەی ریال مەدریدەوە ئەنجامدا و سەرکردایەتیی یانەکەی کرد، بۆ بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئەورووپا.
 
یاریی جامی سوپەری ئەورووپا لە نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید، پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ و ئاتالانتا، پاڵەوانی وەرزی رابردووی یۆرۆپالیگ لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا بەڕێوەچوو، یانە ئیسپانییەکە یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و بووە پاڵەوان.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا هیچ گۆڵێک تۆمارنەکرا و سەرەڕای هەوڵەکانی هەردوو تیپ، یاریزانەکانیان بە ئەنجامێکی سپییەوە گەڕانەوە ژووری جلگۆڕین.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، ریال مەدرید ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد، سەرەتا فێدریکۆ ڤالڤێردی، بە ئاسیستی ڤینیسیۆس جونیۆر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
 
لە خولەکی 68 کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدرید، لە یەکەم یارییدا بەدرێسی یانەکەوە گۆڵێکی تۆمارکرد و یانەی شاهانەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو ئەنجامە مایەوە، ریال مەدرید بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئەورووپا.
 
ریال مەدرید بەبردنەوەی ئەم نازناوە، بووە یەکەم یانە لە مێژوودا 6 جار نازناوی جامەکەی بردبێتەوە، کارلۆ ئەنچێلۆتی پێش پێپ گواردیۆلا کەوت و بووە یەکەم راهێنەرە پێنج جار نازناوی جامەکەی بەدەستهێنابێت و ئەمە جاری سێیەمە لەگەڵ ریال مەدرید نازناوەکە دەباتەوە.

هەریەکە لە لوکا مۆدریچ و دانی کارڤاخال، بوونە یەکەم دوو یاریزان لە مێژووی جامی سوپەری ئەورووپادا پێنج جار نازناوەکەیان بردبێتەوە.