رۆناڵدۆ دەیەوێت نەسڕ بگەیێنێتە یاری کۆتایی

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئامادەکارییەکی بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێ، ئەمشەو یانەی نەسڕ بەسەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکەم یاریی خۆی لە دەستپێکی وەرزدا ئەنجامدەدات.
 
لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری سعودیەدا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:15 لە ئەبها، یانەی نەسڕ بەرامبەر یانەی تەعاون یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە یاری کۆتایی جامەکە.
 
نەسڕ لە قۆناخی ئامادەکارییدا چوار یاریی دۆستانەی لەگەڵ پۆرتیمۆنێنسی و پۆرتۆی پۆرتوگالی، گرانادا و ئەلمێریای ئیسپانی ئەنجامدا و سەرجەم یارییەکانی دۆڕاندووە و ئەمە دەبێتە یەکەم یاریی فەرمیان.
 
یانەی نەسڕ خاوەنی 2 نازناوی جامی سوپەری سعودیەیە، بەڵام لە 2020ـەوە نەیتوانیووە نازناوەکە بباتەوە.
 
رۆژی شەممە براوەی ئەم یارییە لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر یانەی هیلال یاریی دەکات، دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ئەهلی بەدەستهێنا.