ناکۆکی کەوتووەتە نێوان پێرێز و ئەنچێلۆتی

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماریۆ کۆراتێجانا، کە رۆژنامەڤانێکی متمانەپێکراوە و لە رۆژنامەی ئاتلێتیک کاردەکات، راپۆرتێکی لەسەر دوایین پێشهاتەکانی مێرکاتۆی هاوینەی ریال مەدرید ئامادەکردووە و دەڵێت "ناکۆکی لەنێو ماڵی ریال مەدریددا هەیە، سەبارەت بە پۆستی بەرگریکاری ناوەڕاست، بەتایبەتیش لەنێوان فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە و کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەر".
 
یانەی ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ ئێندریک لە یانەی پاڵمێراسەوە بە نزیکەی 70 ملیۆن یۆرۆ واژۆکرد. هەروەها کیلیان ئێمباپێی بەشێوەیەکی بێبەرامبەر گواستەوە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان.
 
ریال مەدرید خۆی بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێ ئامادە دەکات، کە ئەمشەو لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا رووبەڕووی یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی دەبێتەوە لە یاریی جامی سوپەری ئەوروپا.
 
ماریۆ کۆراتێجانا، ئاماژەی بەوەداوە کە هێنانی بەرگریکارێک بۆ پۆستی دڵی بەرگری هێشتا داوایەکی گەورەی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری مێرینگێیە.
 
ئەو رۆژنامەڤانە هەروەها بڵاویکردووەتەوە، ئەنچێلۆتی پێیوایە ریال مەدرید لەم هاوینەدا لانیکەم پێویستی بە یاریزانێک هەیە لە پۆستی دڵی بەرگری، بەڵام کارگێڕیی یانەکە،  باوەڕی بەوە نییە کە تیپەکە پێویستی بە دڵێکی بەرگری نوێ هەبێت و یانەکە دەتوانێت بەبێ ئەو یاریزانە رکابەرییەکی بەهێزی وەرزی داهاتوو بکات.
 
ریال مەدرید، بۆ وەرزی نوێ ناچۆ فێرناندێزی لەدەستدا، کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی بەجێهێشت.
 
ناچۆ گرێبەستێکی دوو ساڵەی لەگەڵ یانەی قادیسیەی سعودیە واژۆکرد، بەمەش بۆشاییەک کەوتە پۆستی دڵی بەرگریی ریال مەدرید بەبۆچوونی ئەنچێلۆتی، بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید بەو شێوەیە سەیری ئەو بابەتە ناکات و پێیوایە یانەکە بەشی خۆی یاریزانی هەیە.
 
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەنچێلۆتی داوادەکات ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ ئێمریک لاپۆرتی بەرگریکاری ئیسپانیی یانەی نەسڕی سعودی بکات، بەڵام پێرێز هاوڕای نییە و بەو داواکارییەی کارلیتۆ رازی نەبووە.
 
ریال مەدرید چاوی لەسەر گواستنەوەی لێنی یۆرۆی ئەستێرەی پێشووی یانەی لیل بوو، بەڵام ئەو یاریزانە بەرامبەر بە 63 ملیۆن یۆرۆ چووە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد، هەروەها خاون مارتینێزی یاریزانی گەنجیشی، کە لەو پێگەیەدا یاری دەکرد، تووشی پێکانێکی قورس بوو، و ئەنچێلۆتی ناتوانێت سوود لە تواناکانی وەربگرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە