دایکی کوڕەکەی رۆناڵدۆ مردووە یان بە پارە شاردراوەتەوە؟

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جۆنیۆر کریستیانۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژان تێدەپەڕن و نهێنی دایکی کریستیانۆ جۆنیۆر بەردەوامە لە سەرلێشێواندنی هەمووان، چونکە یاریزانە تازەپێگەیشتووەکەی تیپی لاوانی یانەی نەسڕی سعودی، تەمەنی گەیشتە 14 ساڵ و نزیکە لە دەستکردن بە یاریکردنی تۆپی پێی پیشەگەرانە وەک باوکی.
 
ماوەی 14 ساڵە ناسنامەی دایکی جونیۆر بەنهێنی هێڵراوەتەوە، پێدەچێت بۆ ماوەیەکی دیکەش بەو شێوەیە بەردەوام بێت، وەک چۆن کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە چەندین بۆنەدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەمە بابەتی جونیۆرە و تەنیا پەیوەندی بەوەوە هەیە، و ئەویش دەزانێت کەی کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی دایکی بناسێت.
 
بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و گەورەبوونی جۆنیۆر، پێویستی ناسینی دایکی گرنگتر دەبێت، بەتایبەت لەژێر رۆشنایی بوونی لە خێزانێکدا کە پێکهاتووە لە باوکێک و دایکێک و چوار منداڵی دیکە کە زۆر باش دەزانن باوکیان کێیە و کێ دایکیانە.
 
قسەی جۆراوجۆر
 
هەندێک کەس باس لەوە دەکەن کە دایکی کریستیانۆ جونیۆر تەنیا کچێکی هەڕەمەکییە کە رۆناڵدۆ شەوێکی لەگەڵدا بەسەربردووە و بەپێی زۆر لە سەرچاوەکان کریس لەگەڵیدا رێککەوتووە کە بڕە پارەیەکی زۆری پێبدات لە بەرامبەر ئەوەشدا ئەو ناوی خۆی بۆ کەس ئاشکرا نەکات و داوای مافی بەخێوکردنی منداڵەکەی نەکات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، رۆناڵدۆ پێیباشە ناسنامەی ئەو ژنە بەنهێنی بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی ژیانی تایبەتی کوڕەکەی بپارێزێت و بەگوتەی دۆلۆریسی دایکیشی، کوڕەکەی بەنیازی ئەوە نییە بەم نزیکانە ناسنامەی کوڕەکەی بۆ ئاشکرا بکات.
 
رۆناڵدۆ خۆی باسی ئەو بابەتەی کردووە و گوتوویەتی "زۆر لە منداڵەکان بەبێ باوک یان دایک یان هەردووکیان دەژین، و جۆنیۆر پێویستی بەبوونی ئەو نییە و هیچ کێشەیەکی نییە، لە کاتی گونجاودا هەموو شتێک دەزانێت".
 
لە هەمان کاتدا رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، وێنەیەکی کچێکی ئاشکراکرد کە زۆر لە جونیۆر دەچێت، و لە ساڵی 2010 لەگەڵ رۆناڵدۆ ئەو وێنەیەی گرتووە، بەڵام راستی و ناڕاستی ئەو هەواڵە لەلایەن هیچ سەرچاوەیەکی فەرمییەوە نە رەتکراوەتەوە و نە پشتڕاستیش کراوەتەوە.
 
هەروەها هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لەسەر زاری خوشکەکەی رۆناڵدۆ بڵاویانکردووەتەوە کە دایکی جونیۆر کۆچی دواییکردووە و لە هیچ بارودۆخێکدا ناوی راناگەیێنرێت.
 

رۆڵی دایک
 
لەم سەردەمەدا دایکان رۆڵێکی کاریگەر لە تۆپی پێی جیهانیدا دەیگێڕن، سەیری دایکی کیلیان ئێمباپێ بکەن و بزانن چ رۆڵی لەگەڵیدا هەبووە لە قۆناخەکانی لاوانەوە، تاوەکو گەیشتە ریزەکانی ریال مەدرید.
 
هەروەها دایکی پۆڵ پۆگبا و ئێندریک و ژنانی دیکەش هەن کە هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی منداڵەکانیان بوون.
 
ئێستا کریستیانۆ جۆنیۆر هەوڵدەدات رێگەی گەیشتن بە یاریگەکانی تۆپی پێی گەورەکان بگرێتە بەر، تەنانەت هەندێک باسیان لەوە کردووە کە بەم زووانە شانبەشانی باوکی یاری دەکات، هەر بۆیە لەوانەیە ئێستا لە جاران زیاتر پێویستی بە دایکی هەبێت.
 
رۆڵی گەورەی رۆناڵدۆ
 
رۆناڵدۆ هۆکاری سەرەکی شاردنەوەی ناسنامەی دایکی جۆنیۆر بوو تاوەکو ئەو ساتەوەختە، لە کاتێکدا ئەو پۆرتوگالییە چەندینجار جەخت لەسەر رۆڵی گەورەی دایکی دەکاتەوە لە ژیانی پیشەیی و ژیانیدا بەگشتی.
 
رۆناڵدۆ زۆر باش دەزانێت دایک چەندە دەتوانێت لە ژیانی هەر کەسێکدا کاریگەر بێت، بێگومان پاڵنەری تایبەتی خۆی هەیە بۆ شاردنەوەی ناسنامەی جونیۆر، هەروەها هەموو مافێکی هەیە ئەو نهێنییە ئاشکرا بکات یان بەردەوام بێت لە پاراستنی، بەڵام لە کۆتاییدا لەوانەیە جونیۆر رۆژێک لە رۆژان بڕیاری گەڕاندنەوەی دایکی بدات، و زۆر پێویستی بە بوونی ئەو خانمە لە ژیانیدا هەبێت، تەنانەت ئەگەر خۆی و رۆناڵدۆ چەندینجار پێچەوانەکەی رابگەیێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە