سوپرایزە گەورەکەی سعودیە ئەمجارە گواستنەوەی نەیمارە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی سعودی بەتەواوی لە گواستنەوەی نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل و یانەی پاریس سانجێرمان بۆ یانەکەی نزیکبووەتەوە و سەرۆکی یانە سعودییەکەش دەچێتە پاریس.
 
بەپێی زۆرینەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، کارەکانی گواستنەوەی نەیمار بۆ یانە سعودییەکە لە قۆناخی کۆتاییدان، پەیوەندیکردنی نەی بە یانەی هیلال یەکێکی دیکە دەبێت لە گرێبەستە سەرنجڕاکێش و گەورەکانی ئەم هاوینە لە سعودیە.
 
نەیمار بەرامبەر 90 ملیۆن یۆرۆ لە پاریسەوە دەچێتە ریاز و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2026 دەبێت، مووچەی ساڵانەشی 160 ملیۆن یۆرۆیە.
 
نافل بن فەهد، سەرۆکی یانەی هیلال دوای لەدەستدانی نازناوی جامی شا سەلمان، هەنگاوەکانی بۆ تەواوکردنی گرێبەستی ئەستێرە بەرازیلییەکە خێراتر کرد و بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانی گرێبەستەکەی دەچێتە پاریس و دوای ئەو گەشتەی ئیدی چاوەڕواندەکرێت هیلال گرێبەستی نەیمار رابگەیێنێت.
 
لە چەند کاژێری رابردوودا، دوای رێککەوتنی هیلال و پاریس سانجێرمان لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە، نەیماریش رەزامەندیی داوە و ئامادەیە بچێتە سعودیە، هەر ئەمڕۆ یاریزانەکە لە پاریس قۆناخی یەکەمی پشکنینە پزیشکییەکانی تەواو دەکات و چاوەڕواندەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بگاتە ریاز و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاریی لە خولی سعودی دەستپێبکات.
 
هەمووان چاوەڕوانبوون نەیمار بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و یاریزانەکەش ئەوەی دەویست، بەڵام ئەوەی مێسی نەیکرد، نەیمار دەیکات و کاروانی یارییکردنی داهاتووی دەباتە خولی سعودی.
 
نەیمار لە ماوەی 6 ساڵی رابردوودا لە پاریس سانجێرمان یارییکرد، بەڵام نەیتوانی هاوکاریی ئەو تیپە بکات بۆ گەیشتن بە خەونە راستەقینەکەی کە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بوو، بۆ ئەم وەرزەش لەسەر داوای لویس ئێنریکێ یاریزانەکە خرایە دەرەوەی پلانەکانی یانەکەی پایتەخت و ئیدی نەیمار ناچاربوو دەرچوون لە ئەوروپا هەڵبژێرێت.