ڤیدیۆ؛ تیپەکەی لویس سوارێز خۆی گەیاندە پلەی دووەم

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی گرێمیۆ سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە پلەی دووەمی ریزبەندی بەرازیل، دوای ئەوەی لە یانەی فلومینێنزیی بردەوە.
 
یارییەکە لە یاریگەی ئارێنا دێ گرێمیۆ بەڕێوەچوو، دوای 19 خولەک یارییکردن جێرمان کانۆی ئەرجەنتینی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی فلومینێنسی تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا 6 خولەک لەو گۆڵە، بیتێلۆ بە ئاسیستێکی جوانی لویس سوارێز ئەنجامەکەی بۆ گرێمیۆ یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم و لە کاتی زیادکراودا، فێریێرا گۆڵی دووەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
 
لە نیوەی دووەمدا یاریزانانی هەردوولا نەیانتوانی گۆڵ بکەن و یارییەکە هیچ گۆڕانکارییەکی دیکەی بەخۆیەوە نەبینی و گرێمیۆ سێ خاڵی یارییەکەی بردەوە و بە کۆکردنەوەی 33 خاڵ خۆی گەیاندە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە و فلومینێنسی بە 31 خاڵ لە پلەی چوارەمە.