جۆزێ مۆرینیۆ نازناوی یۆرۆپالیگی دەوێت

رووداو دیجیتاڵ

 

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆمای ئیتاڵی، رەتیکردەوە یانەکەی بەربژێر بێت بۆ بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵیا، گوتیشی "نازانم میدیاکان بۆچی تەنیا باسی رۆما دەکەن و باسی یانەکانی دیکە ناکەن".
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، مۆرینیۆ جارێکی دیکە گلەیی لە میدیا و میدیاکاران کرد و گوتی "من تووشی شۆک بووم لەوەی کە میدیاکان لەبارەی ئێمەوە قسە دەکەن و ئەو کارە بەرامبەر بە یانەکانی دیکە ناکەن، بەڵام سەبارەت بەوەی کە دەگوترێت رۆما پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی نازناوەکە، لەوە تێدەگەم ئەگەر هەژدە تیپ لە خولی ئیتاڵیا هەبن و هەژدە نازناویش، سامپدۆریا و لێچی تەنیا دوو یانەن کە کەمتر لە ئێمەیان خەرجیان کردووە، بۆ نموونە ئینتەر و میلان وەرزی رابردوویان بە 25 و 23 خاڵ لەپێش ئێمە کۆتاییپێهێنا، کەواتە بۆچی ئێمە پالێوراوین؟ پێموانییە وابێت".
 
راهێنەرە پۆرتوگالییەکەی یانەی پایتەختی ئیتاڵیا، نەشیشاردەوە کە ئامانجییان لەم وەرزەدا بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگە و گوتی "ئەگەر راستگۆیانە قسە بکەین، بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا ئاستێکی باشتر لەسەر ئەوروپا پێشکەش بکەین، دەبێت نازناوی یۆرۆپالیگ ببەینەوە".
 
ئەو هەروەها دووپاتیشیکردەوە کە توانای دارایی یانەکەیان دیاریکراوە و بە هەندێک یانەی دیکە بەراورد ناکرێن و گوتی "کۆمەڵێک یانە هەن، کە هێزێکی گەورەی ئابوورییان هەیە و دەتوانن لە وەرزێکدا لە نێوان سەد بۆ سەد و پەنجا ملیۆن یۆرۆ خەرج بکەن و بەراورد ناکرێن بە ئێمە
 
".یانەی رۆما وەرزی رابردوو لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆدا، خولی سێریا ئەی لە پلەی شەشەمی ریزبەندیی کۆتاییپێهێنا، بەڵام نازناوی کونفرانسلیگی بردەوە و ئەمساڵ یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیا لەسەر ئاستی ئەوروپادا بەشداری لە یۆرۆپالیگدا دەکات.