دێربیی لەندەن.. چێڵسی بەختی لەگەڵ خاوەن و سەردەمێکی نوێدا تاقیدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

تاقیکردنەوەیەکی زوو، بەریەککەوتنێکی بەهێز و ململانێیەک کە ئەنجامەکەی رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی دەروونیی دەبێت و رەنگڕێژی توانای هەردوو تیپ دەکات بۆ هەفتەکانی داهاتووی رکابەری لە پرێمەرلیگدا، چێڵسی و تۆتێنهام کۆ دەکاتەوە..
 
هەردوو یانە، لە یەکێک لە دێربییەکانی لەندەندا بەیەکدەگەن، بۆ هەردوو یانەش سەرەتای ئەمساڵ و وەرزی نوێ، سەرەتایەکی سەرنجڕاکێش و جیاواز دەبێت لە کاتێکدا هەفتەی یەکەمی دەرکەوتنیان لە وەرزی نوێی پرێمەرلیگ بە سەرکەوتن دەستیپێکرد.
 
چێڵسی بەختی خۆی لەگەڵ خاوەن و سەردەمێکی نوێدا تاقیدەکاتەوە، سەردەمێک کە سەرمایەدارە ئەمریکییەکان زۆر پێویستیان بەوە هەیە سەرەتایەکی باشیان لەگەڵ یانەکەدا هەبێت، تاوەکو چێڵسی لەسەر ئەو ریتمە پێشکەوتووە بهێڵنەوە کە چەندین ساڵە، یانەکە خوی پێوەگرتووە، بەڵام ئەوەی بەکردەنی روویداوە، ئاماژەیەک دڵخۆشکەر بە هاندەرانی چێڵسی نادات، چونکە ژمارەی ئەو یاریزانانەی لە یانەکە رۆیشتوون، تاوەکو ئێستا زۆر زیاترە لەوانەی کە هاتوون.. میدیایش چاوەڕێیە چێڵسی هەنگاوی گەورەتر بۆ کڕینی یاریزانان و خۆ نوێکردنەوە بنێت، بەڵام ئەو هەنگاوانە تاوەکو ئێستا نەبینراون.
 
تۆماس توخێل و کارگێڕیی چێڵسی ئەمساڵ لەبەردەم گرەوێکی گەورەتردا دەبن لە گرەوی ساڵی رابردوو، چونکە سەرجەمی یانەکانی پرێمەرلیگ بەباشی خۆیان بۆ رکابەری لەسەر نازناوی خولەکە ئامادەکردووە و گۆڕانکاری گەورەیان کردووە، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا چێڵسی کردوویەتی، ئاماژەیەک نادات بەوەی کە بلووز توانای رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولەکەیان هەبێت.
 
تیپەکەی بەرامبەر کە تۆتێنهامە، بەئارامی و دڵخۆشی و دەرکەوتنێکی گەورەوە وەرزی دەستپێکردووە.. ئانتۆنیۆ کۆنتی راهێنەر ئەوەی ویستوویەتی لە بازاڕی گواستنەوەدا بەدەستیهێناوە، پێکهاتەکەی کۆنتی ئەمساڵ پێکهاتەیەکی بەهێزتر و کاریگەرتر و پڕ ئەستێرەترە.. کۆنتی کە یاریزانە نوێیەکانی بەپێی پێویستیی تیپەکەی و پێکهاتەکەی هێناوەتە ریزەکانییەوە، بەنیازی رکابەریکردن ئەمجارە هاتووەتە مەیدانەوە.. هەمووان هەمان پێشبینی بۆ دەکەن، بەڵام کۆنتی نایەوێ لەم سەرەتا زووەی خولەکەدا و بەرامبەر ئەو هەموو زەبەلاحەی ساڵانێکی زۆرە تانوپۆی پرێمەرلیگیان داگیرکردووە، هیچ بڵێت.
 
دێربییەکەی ئەمڕۆ دێربییەک دەبێت بۆ زیاتر پێشاندانی هێزی هەردوو یانە و هەڵوەستکردن لەسەر توانا و ویستی یانەکان، لە رکابەریکردن لەسەر خولەکە و ململنان بە ملی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوولەوە کە بۆ وەرزێکی دیکەش وەک دیارترین بەربژێری نازناوەکە، دێنەوە مەیدان.