دێربیی میلانۆ رۆناڵدۆ رەتدەکاتەوە

14-08-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وادەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان وردە وردە بەرەو کۆتاییدەچێت و داهاتووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتد، هێشتا دیارنییە و دوو یانەی دیکەش گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە رەتدەکەنەوە.
 
رۆژنامەکانی کۆریێری دێلۆ سپۆرت و لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، پێشهاتێکی نوێیان لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە بڵاوکردەوە و نووسیوویانە " خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ تواناکانی ئەو یاریزانەی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی هەردوو یانەکەی میلانۆ، ئەیسی میلان و ئینتەرمیلان، بەڵام هیچ یەکێک لەو دوو یانەیە وەڵامێکی ئەرێنیان نەداوەتە بەڕێوەبەری کارەکانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە و رەتیانکردووەتەوە گرێبەستی لەگەڵدا بکەن."
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر میدیای بەریتانیا رایگەیاند، مێندێز داوای لە ریچارد ئارنۆڵد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانچێستەر یونایتد کردووە بۆ ئەوەی نرخی یاریزانەکە دیاری بکەن، چونکە دەستەوارەیەکیان لەبەردەستە و یانەیەک بۆ گواستنەوەی رۆناڵدۆ لەسەر هێڵە، بەڵام ناوی یانەکە ئاشکرا نەبووە.
 
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری مانچێستەر یونایتد زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، دەیەوێت رۆناڵدۆ لە تیپەکەی بمێنێتەوە و بەیەکەوە کاربکەن، بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر برێنتفۆردیش بە رۆژنامەڤانێکی گوت " رۆیشتنی رۆناڵدۆ گریمانەی تۆوە، بەڵام ئەوە نییە کە رۆناڵدۆ بە منی دەڵێت ".
 
دوای دۆڕانە گەورەکەیان بەرامبەر یانەی برێنتفۆرد لە دووەم یارییان لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا بە 4-0 جارێکی دیکە داهاتووی رۆناڵدۆ دەبێتەوە رۆژەڤێکی گەرمی میدیای بەریتانیا و جیهان.
 
رۆناڵدۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد ساڵێکی ماوە، بەڵام یانەکە نەگەیشتووەتە چامپیۆنزلیگ و دۆن دەیەوێت لە تیپەکە بڕوات، بەڵام بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەکە ئامادەنین دەستبەرداری ببن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە