مانچێستەر سیتی دەستەوارەیەکی خەیاڵی پێشکەشی هاری کەین دەکات

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ هاری کەینی هێرشبەری یانەی تۆتێنهام لەم هاوینەدا و بۆ ئەو مەبەستە دەستەوارەیەکی خەیاڵی ئامادەکردووە.

بە گوێرەی راپۆرته رۆژنامەڤانییەکان لە بەریتانیا، بەرپرسانی مانچێستەر سیتی سەرقاڵی ئامادەکردنی دەستەوارەیەکی نوێن، بۆ ئەوەی بەمەبەستی گرێبەستکردن لەگەڵ هاری کەین پێشکەشی بەرپرسانی یانەی تۆتێنهام بکەن، کە تاوەکو ئێستا رازی نین دەستبەردای ئەستێرەکەیان ببن.

فابریزیۆ رۆمانۆ، راگەیاندنکاری بەنێوبانگ و پسپۆر لە گواستنەوەی یاریزانان، لە ئەکاونتی تویتەرەکەیدا نووسیویەتی"هەفتەی داهاتوو مانچێستەر سیتی جارێکی دیکە گوشار دەکاتەوە سەر تۆتێنهام بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی هاری کەین".

بەگوێرەی ئەو پسپۆرە، دەستەوارە نوێیەکەی مانچێستەر سیتی ئامادەیە و بڕەکەی 150 ملیۆن پاوەندە، چاوەڕێی هەڵوێستی کۆتایی تۆتێنهام دەکات.

هەروەها دەشڵێت "مانچێستەر سیتی ئامادەیە بۆ دەستکاریکردنی دەستەوارەکە، بۆ ئەوەی یاریزان بخاتە نێو گرێبەستەکە".

رۆمانۆ، دەشڵێت "تۆتێنهام هێشتا سوورە لەسەر هێشتنەوەی هاری کەین، یانەکە تاوەکو ئێستا دەستەوارە نوێیەکەی مانچێستەر سیتی پێنەگەیشتووە".

خودی هاری کەین دەیەوێت بچێتە ریزەکانی مانچێستەر سیتی و بۆ ئەو مەبەستە داوای لە یانەکەی کردووە رێگەی پێبدەن بڕوات، بەڵام دانیێل لیڤیی سەرۆکی یانەکە تاوەکو ئێستا رازی نییە یاریزانەکەی بفرۆشێت و هاری کەینیش ئامادە نییە یاخیبوون رابگەینێت.