هازارد بووەتە موسڵمان؟

14-08-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێدین هازارد ئیسلام
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەم چەند رۆژەی دواییدا، لە سۆشیال میدیادا زۆر باس لەوە کرا کە ئێدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیکیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بووە بە موسڵمان، بەڵام یاریزانەکە لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێکی فەرمی نەداوە، نە دووپاتیکردووەتەوە و نە رەتیشکردووەتەوە.

تەنانەت زۆر کەس بە پۆست، تویت و کۆمێنت پیرۆزباییان لە هازارد کردووە بە بۆنەی ئەوەی گوایە بووە بە موسڵمان.

ئەوەی هەواڵی موسڵمانبوونی هازاردی زیاتر بڵاوکردەوە، گرتەیەکی ڤیدیۆییە، کە بۆ ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە و تێیدا ئەستێرەی بەلجیکی دەڵێت "ان شاءالله".

زۆر لەوانەی بە بایەخەوە ئەو هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە، دەڵێن bbc سەرچاوەیە، بەڵام لە راستیدا ئەو تۆری هەواڵی بەنێوبانگە هیچ شتێکی سەبارەت بە موسڵمانبوونی هازارد باس نەکردووە، کە لەو گرتە ڤیدیۆیەدا رۆژنامەڤانێک پرسیاری لێدەکات ئایا لە وەرزی 2018 - 2019ـدا دەتوانی 40 گۆڵ بکەی؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت "ان شاءالله".

لە ساڵی 2014 رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی راپۆرتێکی لەسەر یاریزانانی موسڵمان، ئەوانەی بەشداری لە مۆندیالی 2014ـدا دەکەن بڵاوکردەوە، کە لە نێویاندا ناوی ئێدین هازاردیشی نووسیبووی، لەگەڵ مەروان فیلاینی هاوڕێی.

لە ساڵی 2016 دێمبابای یاریزانی سەنیگالی، گوتی "هازارد یەکێکە لەو یاریزانانی لێکۆلینەوە لە ئایینی ئیسلام دەکەن و بەدوایدا دەگەڕێن". هەروەها گوتیشی "هازارد لەبارەی زۆر شت لە قورئاندا پرسیارم لێدەکات، من هەستمکردووە هازارد زۆر بایەخ بە زانین و فێربوونی زۆر شت لەسەر ئیسلام دەدات، هەروەها بیرۆکەیەکی گشتی لەبارەی ئیسلامەوە هەیە، کە لەوانەیە وایلێبکات بڕیارە دروستەکە بدات".

ئێدین هازارد ئامادەیە بۆ ئەوەی سێیەم وەرزی لەگەڵ ریال مەدرید دەستپێبکات، کە لە هاوینی 2019 ریزەکانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی شاهانەی ئیسپانییەوە کرد، بەرامبەر بە 100 ملیۆن یۆرۆ.

لە دوو وەرزی رابردوودا، ئێدین هازاردی تەمەن 30 ساڵ 43 یاری بۆ ریال مەدرید کردووە، کە بەهۆی زۆر تووشبوونی بە پێکان لە وەرزی یەکەمدا بەشداری لە 22 یاری و لە وەرزی دووەمدا بەشداری لە 21 یارییدا کردووە، تاوەکو ئێستا تەنیا 5 گۆڵی تۆمارکردووە و 8 ئاسیستی هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە