لالیگا بە کارتی سوور دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

لە یاریی کردنەوەی وەرزی نوێی لالیگادا، کە یارییەکی تووندوتیژ بوو، ڤالێنسیا یەکەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا و 3 خاڵی گرنگی بردەوە. 

ڤالێنسا لەسەر یاریگەی مێستایا میوانداری خیتافی کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە.

یانەی شەمشەمەکوێرەکان سەرەڕای ئەوەی لە خولەکی 3 هۆگۆ گویامینی یاریزانی بە کارتی سوور لەدەستدا، دەستی بە هێڕشبردن کرد و لە خولەکی 11 لێدانێکی سزای بەدەستهێنا و کارلۆس سۆلێر سەرکەوتووبوو لە تۆمارکردنی.

لە نیوەی دووەمی ئەو یارییەدا، کە پڕبوو لە کارتی رەنگاوڕەنگ، بەرگریکارانی ڤالێنسیا توانیان لە بەرامبەر گوشار و هێرشەکانی خیتافیدا خۆڕاگربن، تاوەکو لە خولەکی 76 ناوبژیوان ئێریک کاباکۆی یاریزانی خیتافیشی بە کارتی سوور دەرکرد و ئیدی هاوسەنگی بۆ یارییەکە گەڕایەوە.

یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بۆ ڤالێنسیا کۆتاییهات و یاریزانەکانی دڵخۆش بوون بە بەدەستهێنانی 3 خاڵی یەکەم یارییان، لە کاتێکدا راهێنەر و یاریزانانی خیتافی رەخنەیان لە ناوبژیوانی یارییەکە گرت.