ئاتلێتیک بیلباو رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە


هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی شەش نازناوی مێژویی لە وەرزێکدا، بووەتە ئامانجی یانەی بارسێلۆنا، دوای بەدەستهێنانی جامی سوپەری ئەوروپا یانە کەتەلۆنییەکە هەنگاوەکانی بەرەو بەدەستهێنانی جامی سوپەری ئیسپانی و پێنجەم شانازی ئەم وەرزەی دەهاوێژێت، لەبەرامبەر ئاتلێتیک بلباوی تیپە نێوخۆییەکە، کە بە دوای تۆڵەدا دەگەڕێت لەبەرامبەر بارسێلۆنادا چونکە لەوەرزی رابردوودا یانە باسکییەکەی بێبەشکرد لە بەشداریکردن لە خولی یۆرۆپا لیگ.



یانەی بارسێلۆنا ترسێنەر و تۆقێنەرەکەی ئەوروپا بە بەدەستهێنانی نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا  کە چوارەمین نازناوی ئەم وەرزەیەتی و دەیەوێت بە بردنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیش هەموو جامەکان راماڵێت و بلباویش بە دەردی یۆڤینتۆس و سیڤییا و تیپەکانی دیکە ببات.
پێش دەستپێکردنی یاری چوونی نێوانیان، ئێم ئێس ئێن هەرەشە و گوڕەشەکانیان لە تیپەکەی ڤاڵڤێردی دەسپێکردووە و رایانگەیاندووە، لە پێناو بردنەوەی نازناوەکان هەموو شتێک دەکەن و هیچ بە زەییەکییان بە کوڕانی بلباودا نایەتەوە، لەلایەن خۆشیەوە ئینریکێی راهێنەری کەتەلۆنیەکان رایگەیاندووە، شانازی بە تیپەکەم دەکەم و ناوەستین تاوەکو ساڵێکی مێژوویی بە بردنەوەی شەش نازناو لەو وەرزێکدا تۆمار نەکەین.
بلباویش دەیەوێت لە یاری یەکەمدا شتێک بە شتێک بکات تاوەکو لە یاری گەڕانەوە هەر هیچ نەبێت بە بەرگریکردن بتوانن دێوەزمەکەی ئەورپا رابگرن، هەرچەندە ئەمە کارێکی زەحمەتە بەڵام ڤاڵڤێردی راهێنەر متمانەی تەواوی بە تیپەکەی هەیە و رایدەگەیەنێت هیچ شتێک لە جیهانی تۆپی پێدا مەحاڵ نییە.
ئاتلێتیک بلباو پشت ئەستور بە هاندەران و یاریگاکەی دەیەوێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە پشتی میسی و هاوڕێکانی بە زەویدا بدات، سان مامیس ئەو یاریگایەی هەمیشە بۆ سەرجەم تیپە سەرسەختەکانی بووەتە پاڵپشتێکی بەهێز و ژمارە یەک بۆ ئەو یانەیە، کە چیدیکە نایەوێت ببێتە ئەو نێچیرە ئاسانە و دەیەوێت بە بارسای پیشانبدات کوڕانی بلباو کێن.
ئاخۆ دەبێت ئەو جام و جەنگە هەڕەشە ئامێزە کێ براوەکەی بێت و ئەنجامەکەی بەرەو کوێ بڕوات.