ئیسپانیا بۆ چوارەم جار بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیسپانیا بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کە لە یاریگەی ئۆلیمپیا ستادیۆم لە بەرلین بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئینگڵتەرای بردەوە.
 
یارییەکە لە کاتی ئاسایی کۆتایی پێهات، ئیسپانیا دەستپێکێکی باشی هەبوو، کۆنترۆڵی تۆپی کرد، گێمی یەکەم 70٪ی کۆنترۆڵی تۆپی لەدەستبوو، بەڵام یارییەکە گێمی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
 
تەنیا دوو خولەک دوای دەستپێکردنەوەی گێمی دووەمی یارییەکە و لە خولەکی 47 نیکۆ ویڵیامس بە پاسێکی لامین یامالی باشترین یاریزانی لاوی پاڵەوانێتییەکە دەرگای گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی 'ئێل ماتادۆر' کردەوە.
 
دوای گۆڕانکارییەکی سەرکەوتووی گاریز ساوزگەیتی راهێنەر و لە خولەکی 73 کۆڵ پاڵمەر لە لێدانێکی زەوینی لە دەرەوەی هێڵی سزا کە خێراییەکەی 118 کیلۆمەتر بوو لە کاژێرێکدا، گۆڵی بەرامبەری بۆ ئینگڵتەرا تۆمارکرد.
 
بەڵام گوشاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەردەوام بوو، دوای چەندین هێرشی مەترسیدار بۆ هەردوولا، لە خولەکی 86 میکێل ئۆیارزابال، یاریزانی گۆڕانکاریپێکراوی ئیسپانیا گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد.
 
بەمشێوەیە ئیسپانیا بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ، دوای ئەوەی هەر حەوت یاریی پاڵەوانەتییەکەی بردەوە.

 

 
ئیسپانیا جامی یۆرۆی 1964، 2008، 2012 ، 2024ی بردووەتەوە، ئەمەش زۆرترین نازناوە لە پاڵەوانەتییەکەدا.
 
ئینگڵتەراش بووە یەکەم هەڵبژاردە یاری کۆتایی دوو پاڵەوانییەتی یۆرۆی بەدوای یەک بدۆڕێت دوای ئەوەی لە یۆرۆی 2020 بە ئیتاڵیا دۆڕا.
 
رۆدری، یاریزانی درەوشاوەی ئیسپانیا بە باشترین یاریزانی پاڵەوانەتییەکە دەستنیشانکرا و لامال یامینیش وەکو باشترین یاریزانی لاو دەستنیشانکرا.