ئێمباپێ هەڕەشە لە سەرۆکی ریال مەدرید دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان، بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی راگەیاندووە کە ئارامی نەماوە و ئەگەر بەو شێویە مامەڵەی لەگەڵ بکات، بڕیارێک دەدات کە بە دڵی خۆی هاندەرانی ریال مەدرید نابێت.

چەند رپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە فەرەنسا، ئاشکرایانکردووە، کە ئێمباپێ زۆر بێزارە لە هەڵوێستی ریال مەدرید سەبارەت بە گرێبەستکردن لەگەڵیدا، کە پێیوایە هەنگاوەکانی ریال مەدرید و سەرۆکەکەی لەو بارەیەوە خاون و دەڵێن "ئێمباپێ بە پێرێزی گوتووە ئارامیم نەماوە بەهۆی ئەو جۆرە مامەڵەی ئێوە لەگەڵ من دەکەن".

بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئیمباپێ راشکاوانە بە کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمانی راگەیاندووە کە نایەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، لەپێناو ئەوەی بچێتە ریزەکانی ریال مەدرید، بەڵام ئەو یاریزانە پێیوایە هەڵوێستی ریال مەدرید ناڕوونە و هەوڵەکانی خاون، بۆیە هەڕەشەی لە پێرێز کردووە کە ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی، ناچاردەبێت گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێبکاتەوە.

وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، پێرێز و ریال مەدرید دەیانەوێت ئیمباپێ گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە و ئەم وەرزە یاری بۆ پاریس سانجێرمان بکات، بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا بەبێ بەرامبەر بیبەنە ریزەکانی تیپەکەیان و دەڵێن "بەڵام ئێمباپێ بەمە رازی نابێت، ئەو دەیەوێت بە روونی قسەی لەگەڵ بکەن".

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانییانە، ئێمباپێ بە پێرێزی گوتووە "یان دەبێت ئەم هاوینە گرێبەستم لەگەڵ بکەی، یان دەبێت گەرەنتی ئەوەم پێبدەی کە لە هاوینی داهاتوودا مووچەیەکی زیاتر لەوەی پاریس سانجێرمان لە دوایین دەستەوارەدا پێشکەشی کردووم، بمدەیتێ".

هەروەها دەشڵێن "ئیمباپێ راشکاوانە بە پێرێزی گوتووە ئەگەر یەکێک لەو دوو شتەم بۆ نەکەی، ناچارم بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم و مانەوە لەگەڵ پاریس سانجێرمان بدەم".

لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی پاریس سانجێرمان، لە هەوڵێکی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی ئێمباپێ رازی بکات گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریسی نوێبکاتەوە و لەو پێناوەدا چەند دەستەوارەیەکی پێشکەشکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کیلیان هەمووانی رەتکردووەتەوە.