چیرۆکی ئەو بۆمبەی گوایە لە فڕۆکەخانەی رۆزاریۆ دانرابوو

14-07-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی فڕکەخانەی رۆزاریۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی وا بڵاوکرایەوە کە لە فڕۆکەخانەی رۆزاریۆ بۆمبێک دانراوە و ئەوکات لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و خێزانەکەی لەوێ بوونە، سەرچاوە ئەمنییەکانی شاری رۆزاریۆ دووپاتیانکردەوە کە هیچ بۆمبێک نەبووە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئاشکرایانکرد کە مێسی لە رێگەی فڕۆکەخانەی رۆزاریۆیەوە ویستوویەتی گەشتێک بۆ بۆینس ئایرسی پایتەخت بکات، بەمەبەستی سەردانیکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، بۆ ئەوەی ڤیزا بۆ خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی وەربگرێت.

وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، مێسی بەنیازی گەڕانەوە نەبووە بۆ ئیسپانیا، وەک ئەوەی سەرەتا هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان پێکرد، دەڵێن "مێسی نیازی گەشتی بۆ ئیسپانیا نەبووە، ویستوویەتی بچێتە باڵیوزخانەی ئەمریکا لە بۆینس ئایرس بۆ ئەوەی ڤیزای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ خۆی و منداڵانی وەربگرێت".

ئەو سەرچاوانە چیرۆکی بۆمبەکە بەمشێوەیە دەگێڕنەوە و دەڵێن "کەسێک لە فڕۆکەخانەی رۆزاریۆ رایگەیاند بۆمبێکی چێنراو لەنێو جانتاکەیدایە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا، بەڵام دوای ئەوەی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە لێکۆلینەوەی کرد، بۆی دەرکەوت کە ئەو کەسە درۆی کردووە و چالاکی فڕۆکەخانەکە گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی".

هەروەها دەڵێن "دوای چەند کاژێرێک فڕۆکەی مێسی گەیشتووەتە فڕۆکەخانەکە و لەوێوە گەشتی بۆینس ئایرسی کردووە، بەڵام بەر لەوەی بڕوات خۆی و کوڕەکانی و ئەنتۆنێلا وێنەیان لەگەڵ هەوادارەکانیان گرتووە".

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە مێسی دەیەوێت چەند رۆژێکی پشووەکەی لەگەڵ خێزانەکەی لە میامی بەسەرببات، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا مێسی بڕیاری لە داهاتووی نەداوە، ئایا لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە یان دەڕوات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە