یانەی ریال مەدرید دەستبەرداری ئیمباپێ نابێت

 

هێشتا بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید دەستبەرداری بیرۆکەی گواستنەوەی کیلیان ئیمباپێی هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمان نەبوون و رێنمایی ئەستێرە فەرەنسییەکەیان کردووە سەبارەت بە بڕیاری داهاتووی.

رۆژنامەیەکی ئیسپانی ئاشکرایکرد: "بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید، دانیان بەوەدا ناوە کە بەهۆی قەیرانی داریی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ خۆی هێناوییەتی، کاریگەری لەسەر ژێرخانی ئابووری یانەی شاهانە دروست کردووە، بۆیە ئەستەمە لە مێرکاتۆی هاوینەی ئەمساڵ بتوانن ئیمباپێ بۆ ریزەکانییان بگوازنەوە، بەڵام پلانی دیکەیان هەیە، بۆ ئەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکە بکەن بە هێرشبەری یانەی ریال مەدرید بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان".

هەروەها رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە: "بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید داوایان لە ئیمباپێ کردووە، گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان درێژ نەکاتەوە کە هاوینی 2022 کۆتایی دێت، بۆ ئەوەی هەڵوێستی یانەی ریال لە دانوستاندنی هاوینی 2021 بەرامبەر پاریس بەهێزبێت، بۆ ئەوەی یانە فەرەنسییەکە بێتە ژێرباری جێبەجێبوونی ئەم گرێبەستە لە بەرژەوەندی یانە ئیسپانییەکە، چونکە ئەوکات ماوەی کۆتاییهاتنی گرێبەستی ئیمباپی لەگەڵ پاریس یەک ساڵی دەمێنێت کۆتایی بێت".

ئیمباپێ لە 2017 لە یانەی مۆناکۆی فەرەنسییەوە بە بەهای 180 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە کرد.