میمی لە رێگەی پەیامێکەوە ماڵئاوایی لە یانەی شورتە کرد


رووداو - هەولێر

موهەنەد عەلی، هێرشبەری یانەی شورتەی عێراقی لە رێگەی پەیامێکەوە ماڵئاوایی لە یانەکەی کرد و دەڵێت، شەرەفێکی گەورەیە درێسی ئەو یانەیەم پۆشی.

میمی لەسەر ئەکاونتی فەرمی خۆی لە ئینستاگرام دەڵێت، هاندەرانی خۆشەویستی یانەی شورتە، پۆشینی درێسی یانەکە بۆ من شەرەفێکی گەورەبوو و خەونی منداڵیم بوو لەو یانەیەدا هاتە دی، خەونم ئەوەبوو بۆ ئەو یانەیە یاریی بکەم، گۆڵ تۆماربکەم و نازناو ببەمەوە، هەموو ئەمانە لە یانەکەدا بەهۆی پاڵپشتی کارگێری یانەکەم بۆ هاتەدی.

ئەو هێرشبەرە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، رۆیشتنی من لە یانەکە سەرەتای کاروانێکی نوێیە و ئەزموونێکی نوێ دەبێت، لەپێناو بەرزکردنی ناو و ئاڵای وڵاتەکەم لە دەرەوەی عێراق، هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووتان دەخوازم و هەمیشە لە دڵمدا دەمێننەوە.

ئەم پەیامەی میمی لە کاتێکدایە یاریزانەکە لەگەڵ یانەی دحێلی قەتەری رێککەوتووە و پەیوەندی بە ریزەکانی ئەو یانەیە دەکات.