نۆڤاک جۆکۆڤیچ بۆ جاری پێنجەم بووە پاڵەوانی وێمبڵدۆن


رووداو - هەولێر

دوای یارییەکی دراماتیکی و دوور و درێژ، نۆڤاک جۆکۆڤیچی سێربی سەرکەوتنی بەسەر رۆجێر فێدێرێری سویسری بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی وێمبڵدۆ.

یاریی نێوان ئەم دوو تێنسزانە 4 کاژێر و 57 خولەک بەردەوامبوو، لە دوای ساڵی 2008ـەوە درێژترین یاریی کۆتایی وێمبڵدۆنە.

لەسەرەتای یارییەکەدا نۆلێ و مایسترۆ بە رکابەرییەکی بەهێزەوە دەستیانپێکرد، کۆمەڵەی یەکەم بە حەوت شەش لە بەرژەوەندی تێنسزانەکەی بەلگراد کۆتاییهات.

لە کۆمەڵەی دووەمدا فێدێرێر باشتر دەرکەوت و ئەنجامەکەی بە شەش یەک ئەو کۆمەڵەی بردەوە.

لە کۆمەڵەی سێیەمدا جارێکی دیکە جۆکۆڤیچ باڵادەستی خۆی پێشاندا، ئەو کۆمەڵەی بە 7-6 بردەوە و جارێکی دیکە پێشکەوت، بەڵام ئەمجارەش فێدێرێر ئەنجامەکەی بە شەش چوار یەکسانکردەوە و یارییەکەی بردە کۆمەڵەی پێنجەم.

لە کۆمەڵەی پێنجەمدا کە زیاتر لە کاژێرێک و نیوی خایاند، هەردوولا بەهێزەوە یارییانکرد، بەڵام جۆکۆڤیچ بە 13-12 یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاییکردەوە و بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک نازناوەکەی بردەوە.

بەبردنەوەی ئەم نازناوە، جۆکۆڤیچ پێنجەم نازناوی تێنسی وێمبڵدۆنی بەدەستهێنا و بووە سێیەم یاریزان زۆرترینجار بووبێتە پاڵەوانی ئەو پاڵەوانێتییەکە، هەروەها بووە خاوەنی 16 نازناوی گراندسلام، هاوکات سێیەم یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە فێدێرێر دەباتەوە.