ئایدز گرێبەستی یاریزانێکی تێکدا


رووداو - هەولێر

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان بەهۆی بوونی ئایدزەوە، گواستنەوەی یاریزانێک راگیرا.

رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی رایگەیاندووە، گواستنەوەی ماتیۆس ئەلیساندرۆی بەرازیلی بۆ یانەی دایژیۆن سیتیزنی کۆریای باشوور، بەهۆی ئایدزەوە ئەنجامنەدرا، لەکاتێکدا لە پشکنینە پزیشکییەکاندا دەرکەوتووە ئەو یاریزانە ئایدزی هەیە.

پێشتر یانە کۆرییەکە لەگەڵ یاریزانەکەی یانەی فلۆمینێنسی بەرازیلی رێککەوتبوو، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، بەڵام دوای ئەوەی یاریزانەکە گەیشتە بارەگای یانەکە پشکنینی پزیشکیی بۆ کرا و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەرکەوت، کە ئەو یاریزانە تووشی نەخۆشی ئایدز بووە.

لە یەکەم کاردانەوەی دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان، یانەی دایژیۆن کارەکانی گواستنەوەی یاریزانەکەی بەخێرایی راگرت، تاوەکو چارەسەرکردنی یاریزانەکەش پێناچێت گرێبەستەکە بکرێت.