یۆرۆی 2024 دەستپێدەکات.. رووماڵێکی جیاواز و پڕ لە خەڵات لە رووداو

 
رووداو دیجیتاڵ

چاوەڕوانی کۆتاییهات، گەورەترین پاڵەوانێتی کیشوەری لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان دەستپێدەکات، دەیان ئەستێرە لەسەر ئاستی ئەوروپا ئامادەن بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی تیپی وڵاتەکانیان بکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە و تۆڕی میدیایی رووداویش رووماڵێکی فراوانی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
 
ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا، یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 بەبەشداریی 24 هەڵبژاردە دەستپێدەکات، وەشانی ئەمجارەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، حەڤدەیەمین وەشانی پاڵەوانێتییەکەیە، لە 14-6 دەستپێدەکات و 14-7 کۆتاییدێت.
 
ئەمە جاری دووەمە ئەڵمانیا میوانداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات، جاری یەکەم لە 1988 بوو.
 
ئەڵمانیا بۆ یۆرۆی 2024 ئامادەیە
 
27-9-2018 لە شاری نیۆنی سویسرا، بە زۆرینەی دەنگەکان ئەڵمانیا وەکو میوانداری جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دەستنیشانکرا، هەر زوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەو پاڵەوانێتییە گەورە کیشوەرییە دەستپێکرد.
 
یارییەکانی یۆرۆی 2024 لە 10 شاری جیاوازی ئەڵمانیا دەکرێن، بەرلینی پایتەخت، میونشن، دۆرتموند، گلزنکێرشن، شتوتگارت، هامبۆرگ، دۆسڵدۆرف، کۆڵن، فرانکفۆرت و لایپزیگ ئەو شارانەن کە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەیان تێدا دەکرێت.
 
نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی یۆرۆی 2024ـەوە دەڵێت "ئەڵمانیا هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی لە رووی مرۆییەوە بەباشترین شێوە بۆ پاراستنی سەلامەتی پاڵەوانێتییەکە ئامادەبێت."
 
وەزیرەکەی ئەڵمانیای میوانداری یۆرۆ زیاتر گوتی "رۆژانە 22 هەزار پۆلیس چاودێری پاڵەوانێتی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دەکەن."
 
هەڵبژاردە بەشدارەکانی یۆرۆی 2024
 
24 هەڵبژاردە بەشداری لە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 دەکەن، هەڵبژاردەکان بەسەر شەش کۆمەڵەدا دابەشکراون، دوو باشترین تیپی یەکەمی هەموو کۆمەڵەیەک لەگەڵ چوار باشترین سێیەمی کۆمەڵەکان دەگەنە قۆناخی شازدەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا.
 
کۆمەڵەی یەکەم؛ ئەڵمانیا، سکۆتلاند، هەنگاریا، سویسرا
کۆمەڵەی دووەم؛ ئیسپانیا، کرواتیا، ئیتاڵیا، ئەلبانیا
کۆمەڵەی سێیەم؛ سلۆڤینیا، دانیمارک، سێربیا، ئینگلتەرا
کۆمەڵەی چوارەم؛ پۆڵەندا، هۆڵەندا، نەمسا، فەرەنسا
کۆمەڵەی پێنجەم؛ بەلجیکا، سلۆڤاکیا، رۆمانیا، ئۆکراینا
کۆمەڵەی شەشەم؛ تورکیا، جۆرجیا، پۆرتوگال، چیک
 
یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 یاریی یەکەمی یۆرۆی 2024، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیای میوانداری پاڵەوانێتییەکە و سکۆتلاند بەڕێوەدەچێت، لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا.
 
یارییەکە لە یاریگەی ئالیانز ئارێنای تایبەت بە یانەی بایرن میونشن دەکرێت، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە کەرنەڤاڵێکی هونەریی گەورە بۆ دەستپێکردنی رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەدەچێت.
 
ئەڵمانیا لەژێر سەرپەرشتی یولیان نایگێلسمان، ئامادەکارییەکی باشی بۆ یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە کردووە و دەیەوێت لەنێو خاک و هاندەرانیدا نازناوی پاڵەوانێتییە گەورەکەی ئەوروپا بباتەوە.
 
ئەم پاڵەوانێتییە دوایین دەرکەوتنی تۆنی کرووس، ئەستێرەی ئەڵمانی دەبێت، بەدرێسی مانشافتەوە، دوای ئەوەی رایگەیاند لە دوای کۆتاییهاتنی پاڵەوانێتییەکە بەیەکجاری واز لە یارییکردن دەهێنێت، بۆیە مایسترۆ دەیەوێت بەبردنەوەی یۆرۆوە ماڵئاوایی لە دونیای تۆپی پێ و لاکێشەی سەوز بکات.
 
لە باکووری کوردستانەوە تاوەکو یۆرۆی 2024
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیادا، یاریزانێکی کورد بەشداری لە رکابەرییەکانی یۆرۆدا دەکات، ئەو یاریزانە دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی باکووری کوردستان و یانەی شتوتگارتە.
 
ئونداڤ، کوردی ئێزدییە، یاریزانەکە لە ئەڵمانیا لە دایکبووە، لەم وەرزەدا لە ریزەکانی یانەی شتوتگارتدا ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد و ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی بانگهێشتی هەڵبژاردەی مانشافت بکرێت.
 
دێنیز ئونداڤ، پێشتر یارییکردنی بۆ هەڵبژاردەی تورکیا رەتکردبووە و میدیای تورکیا دەڵێت "ئەو یاریزانە بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیای گوتووە، من کوردم و دەمەوێت بۆ ئەڵمانیا یاری بکەم."
 
دێنیز ئونداڤ، خەڵکی روهای باکووری کوردستانە، تەمەنی 27 ساڵە، یاریزانی یانەی برایتنی ئینگلیزییە، بەڵام بەشێوەی خواستن لە یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی یاریی دەکات.
 
گۆڵکارەکەی شتوتگارت، تاوەکو ئێستا بۆ هیچ هەڵبژاردەیەک یاریی نەکردووە و ئەمە یەکەم پاڵەوانێتیی فەرمییە بەشداریی تێدا دەکات.
 
خەڵاتە داراییەکانی یۆرۆی 2024
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2024 خەڵاتی دارایی گەورەی بۆ هەڵبژاردە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە ئامادەکردووە و پاڵەوان 8 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
 
کۆی گشتی خەڵاتە داراییەکانی یۆرۆی 2024 بەمشێوەیە دەبن.
 
9.25 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر هەڵبژاردەیەکی بەشدار
1 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر بردنەوەیەک 
500 هەزار یۆرۆ بۆ یەکسانبوون
گەیشتن بە قۆناخی شازدە 1.5 ملیۆن یۆرۆ
گەیشتن بە قۆناخی هەشت 2.5 ملیۆن یۆرۆ
گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی 4 ملیۆن یۆرۆ
پلەی دووەم 5 ملیۆن یۆرۆ
پاڵەوان 8 ملیۆن یۆرۆ
 
رووماڵی رووداو
 
تۆڕی میدیایی رووداو، رووماڵێکی فراوانی یارییەکانی یۆرۆی 2024 دەکات، رۆژانە بە نوێترین زانیار و شرۆڤەی جیاواز هاندەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە پاڵەوانێتییەکە نزیکتر دەکاتەوە.
 
رۆژانە لە دوو کاتی جیاوازدا، کاژێر 08:30 سامان وڵاتژێری لە بوولتەنێکی تایبەتدا بە بینەرانی رووداو دەڵێت چی روویداوە و ئەمڕۆ چی روودەدات؟ کاژێر 13:30 دوایین زانیاری، گۆڕانکاری، لێدوان، ئامار، قسەی یاریزانان و راهێنەرانتان بۆ دەگوازێتەوە.
 
کاژێر 21:00 بەرنامەیەکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداو هەیە، هاندەرانی هەموو جیهان دەتوانن لە رێگەی کۆمێنتەوە بەشداری لە بەرنامەکەدا بکەن، بە نووسینی پێشبینییەکانیان دەتوانن ببنە خاوەنی خەڵاتێکی گەورە و گرانبەها.
 
کاژێر 00:00 بەرنامەی یۆرۆی 2024 لە رووداو دەستپێدەکات، رێبوار محەممەد لەگەڵ سێ شرۆڤەکاری بە ئەزموون، دیار و کاریگەر لەسەر ورد و درشتی یارییەکان دەوەستن، لەگەڵ ئەوەشدا کەسایەتییەکی ریزپەڕ لە دەرەوەی شرۆڤەکردن لەگەڵ دەیان هاندەری تۆپی پێ بەشداری لە بەرنامەکەدا دەکەن و گفتوگۆیەکی گەنجانە لەبارەی یۆرۆی 2024ـەوە دەکەن.
 
لە بەرنامەکەدا ئەوانەی بەشداردەبن بە کۆبوونێک ناوی خۆیان تۆماردەکەن، شەوانە هەلی ئەوەیان دەبێت خەڵاتێکی گەورە ببەنەوە.
 
لە ئەڵمانیاوە، دڵنیا رەحمان، پەیامنێرە بەتواناکەی رووداو دەچێتە نێو هاندەرانی هەڵبژاردە جیاوازەکانی پاڵەوانێتییەکە، رۆژانە نوێترین گۆڕانکاری و زانیارییەکان لە ئەڵمانیاوە بۆ هەمووان دەگوازێتەوە.
 
هەر شەوێک لە شارێکی کوردستان دەبین، پەیامنێرێک لەگەڵ گەنجانی شارە جیاوازەکان بەشداری لە بەرنامەکەدا دەکات، کاردانەوەی یارییەکانیان لێ وەردەگرێت و خەڵاتیان پێدەدات.
 
جیا لەو بەرنامە تایبەتانەی لە تەلەڤیزیۆن و رادیۆی رووداوەوە پێشکێشدەکرێن، پەیجی رووداو سپۆرتس لە فەیسبووک، لە ئینستاگرام و تیک تۆک، سات بەسات لەگەڵتان دەبێت و ورد و درشتی خێراترین رووداوەکانی پەیوەست بەیۆرۆ و ئەنجامی یارییەکان بۆ خوێنەرانی دەگوازێتەوە. پۆرتاڵی رووداو لە بەشی وەرزش، نوێترین خوێندنەوە و شرۆڤە و راپۆرتە هەواڵ و هەواڵەکانی پەیوەست بەیۆرۆ بەخوێنەرانی دەگەیەنێت.
 
هەر ئەوەندە نییە، خەڵاتێکی گەورەمان بۆ هاندەرانی تۆپی پێ لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئامادەکردووە، پێشبینی بۆ براوەی پاڵەوانێتییەکە دەکەیت و هەلی ئەوەت دەبێت ببیتە خاوەنی ئۆتۆمبێلێک.
 
بۆ یۆرۆ، بۆ ئاگاداربوون لە ورد و درشتی هەموو رووداوەکانی ئەو کەرنەڤاڵە گەورەیە، تەنیا رووداوتان بەسە.